دەسەڵاتی دادوەری ئێران، بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 21ـی ئایاری 2026، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو بەندکراوی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ڕامین زەلە و کەریم مەعروفپوور جێبەجێ کرد، کە پێشتر بە تۆمەتی هاوکاری و ئەندامێتی لە حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان سزادرا بوون.
ئاژانسی هەواڵی "میزان"ی سەر بە دەسەڵاتی دادی ئێران بڵاویکردەوە، کە پاش تێپەڕاندنی قۆناغە یاساییەکان و پەسندکردنی سزاکان لەلایەن دیوانی باڵای وڵاتەوە، سزای ئەم دوو هاووڵاتییە کە خەڵکی نەغەدەن جێبەجێکراوە.
میدیای فەرمیی ئێران تۆمەتی ئەم دوو کەسەی بۆ ئەندامبوون لەو گروپانە گەڕاندووەتەوە کە بە "جوداخواز" وەسفیان دەکات لەگەڵ ئەنجامدانی "کردەوەی چەکداری دژ بە کۆماری ئیسلامی (بەغی)".
بەگوێرەی ڕاپۆرتی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ڕامین زەلە لە کانونی یەکەمی 2025دا لەلایەن لقی یەکەمی دادگەی شۆڕشی مەهابادەوە سزاکەی بەسەردا سەپێندرا، لە کاتێکدا کەریم مەعروفپووری تەمەن 29 ساڵ، لە 23ـی ئازاری 2021ەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە لە شاری سەردەشت دەستبەسەر کرابوو و لە کاتی دەستگیرکردنەکەیدا ڕووبەڕووی لێدان و ئەشکەنجە بووبووەوە.
هەردوو زیندانییەکە لە 6ـی کانوونی یەکەمی ساڵی ڕابردوو بە فەرمی لە سزاکانیان ئاگادار کرابوونەوە، و لە ماوەی دەستبەسەرکردنیشیاندا بۆ ماوەیەکی درێژ لەژێر ئەشکەنجەدا بوون و هیچ جۆرە پەیوەندییەک یاخود مافی چاوپێکەوتنیان لەگەڵ خێزان و پارێزەرەکانیاندا نەبووە.
جێبەجێکردنی ئەم سزایانە لە کاتێکدایە کە لە سەرەتای مانگی ئاداری ئەمساڵەوە، فشاری دەسەڵاتی دادی ئێران بۆ سەر چالاکوانانی سیاسی توندتر بووەتەوە و لانیکەم 27 کەس بە تۆمەتەکانی وەک "بەرەنگاربوونەوەی چەکداری، تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی و هاوکاریکردنی ئیسرائیل و ئەمریکا" لەسێدارە دراوو.