لە دوایین دیداری ئیمراڵیدا، عەبدوڵا ئۆجالان رایگەیاندووە، قۆناغی یەکەم کە کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری بوو کۆتایی هاتووە و ئێستا کاتی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمە، کە دیالۆگ و سیاسەتە.
میدحەت سانجار، ئەندامی شاندی ئیمراڵی لە پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆنیدا وردەکاریی نوێترین دیداری لەگەڵ ئۆجالان ئاشکرا کرد. دیدارەکە سێ کاتژمێری خایاندووە، ئۆجالان وتوویەتی، قۆناغی یەکەم کۆتایی هاتووە و ئێستا کاتی دەستپێکردنی قۆناغی دووەمە.
ئۆجالان باسی لەوە کردووە، قۆناغی یەکەم پەیوەندی بە بڕیاری کۆتاییهێنان بە بوونی رێکخراوەیی و خەباتی چەکداری لەژێر ناوی پەکەکە، وەک بڕیارێکی ستراتیژی بوو، کە جێبەجێکرا.
پاشان ئۆجالان باسی لە پرۆسەی یەکگرتنی دیموکراتیک، وەک خاڵی جەوهەریی قۆناغی دووەم کردووە و هۆشداری داوە، کە تەنیا رێگەی چارەسەر دیالۆگ و سیاسەتە.
سەبارەت بە بۆچوونەکانی ئۆجالان لەبارەی رۆژاڤا و سوریا، میدحەت سەنجار ئاماژەی بەوە کردووە، ئۆجالان بە هەوڵەکانی خۆی پرۆسەکەی لە هەڵدێر گەڕاندەوە بۆ سەر مێزی گفتوگۆ و رایگەیاندووە، هێزە تێکدەرەکان هەوڵی تێکدانی پرۆسەی ئاشتی دەدەن، بەتایبەت بە رێگەی دروستکردنی ئاڵۆزی لە سوریا.