عومەر چەلیک، گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی)، وەڵامی لێدوانەکانی بێنیامین نەتانیاهۆ و وەزیرەکانی ئیسرائیلی دژی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان دایەوە.
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان ڕایگەیاند: جیهان ئێستا دابەش بووە بەسەر دوو بەرەدا، بەرەی (هاوپەیمانیی مرۆڤایەتی) کە ئەردۆغان سەرکردایەتی دەکات، لە بەرانبەریشدا (تۆڕی کۆمەڵکوژی) کە ئیسرائیل و نەتانیاهۆ سەرکردایەتی دەکەن.
گوتیشی، سەرۆککۆماری تورکیا بەبێ هیچ دەستەواژەیەکی شاراوە، ڕاستەوخۆ ئیسرائیل بە بەرپرسیاری ئەم جینۆسایدە دەزانێت و جەخت لەوە دەکاتەوە کە دەبێت نەتانیاهۆ لە دادگایەکی مرۆییدا دادگایی بکرێت و باجەکەی بدات.
لە بەشێکی دیکەى قسەکانیدا، چەلیک گوتی: بە ئامانجگرتنی بەردەوامی ئەردۆغان لەلایەن نەتانیاهۆوە، مەدالیای شەرەفە. ئیسرائیل ئێستا هێرش دەکاتە سەر لوبنان و کۆمەڵکوژییەکانی بەردەوامە. لە کاتێکدا چاوی جیهان لەسەر غەزەیە، دەیەوێت هەمان شت لە کەناری ڕۆژئاواش ئەنجام بدات و دەبینین ئامادەکاریی هاوشێوەش دژی سوریا دەکات.
گوتەبێژی ئاک پارتی سەبارەت بە کورد گوتیشی: جگە لە ڕاگەیاندراوی یەک-دوو پارت، برا کوردەکانمان لە عێراق و ئێران زۆر ژیرانە مامەڵەیان کرد و بە هیچ شێوەیەک لە پاڵ ئیسرائیل نەوەستان. نەچوونە ناو ئەو هاوکێشە شەیتانییەی کە دەیگوت "کاتێک ئێمە بۆردومان دەکەین، ئێوەش ڕاپەڕن و ڕژێم بڕووخێنن".
عومەر چەلیک ئاماژەی بەوە کرد: کوردەکان لە دیوی ڕاستی مێژوودا وەستان و لێدوانی ژیرانەیاندا. ئەمەش بێگومان ئیسرائیلی زۆر بێزار کردووە، چونکە پیلانەکەیانی پوچەڵ کردەوە. لەبەر ئەوەی کوردەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە ئیسرائیلیان گوت ئێمە لەگەڵ ئێوەدا نین، نەتانیاهۆ بە عەقڵە بچووکەکەیەوە بۆ هاندانیان، ئەو دەستەواژە قێزەونە بەکار دەهێنێت گوایە تورکیا برا کوردەکانمان کۆمەڵکوژ دەکات.