بە گوێرەی هەواڵێکی ئاژانسی ئاکسیۆس، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشنیارێکی ڤلادیمێر پوتین، سەرۆکی ڕوسیای بۆ گواستنەوەی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران بۆ ڕووسیا ڕەتکردەوە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە، ئەم پێشنیارەی پوتین، لە کاتی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەی نێوان هەردوولادا بووە لەبارەی ئێران لە سەرەتای ئەم هەفتەیەدا.
هەروەها، ئاشکراشی کردووە، ئێران خاوەنی نزیکەی 450 کیلۆگرام یۆرانیۆمی پیتێنراوی 60%یە، کە بەشی زیاتر لە 10 بۆمبی ئەتۆمی دەکات.
ترەمپ چەندین جار پێداگری کردووە، کە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئەمریکا لە شەڕی ئێراندا، بنبڕکردنی توانای ئەو وڵاتەیە بۆ دروستکردنی چەکی ئەتۆمی.
ڕاپۆرتەکە باس لەوەش دەکات، کە ترەمپ بیر لە بژاردەی جێگیرکردنی هێزی تایبەت لەسەر زەوی دەکات بۆ دەستبەسەرداگرتنی یۆرانیۆمی ئێران.