سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند ئەمڕۆ شەممە هێرشێکی پێشوەختەی دژ بە ئێرانیان دەستپێکردووە، هێرشەکە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی بەرەو ترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی نوێ کردەوە و هیواکانی بۆ چارەسەری دیپلۆماسی بۆ لەگەڵ ئێران کاڵ کردووەتەوە.
ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بە پشت بەستن بە بەرپرسێکی ئەمریکی بڵاویکردەوە، هێرشەکانی ئەمریکاش بۆ سەر ئێران لە ئارادایە.
سەرچاوەیەک بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند، عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای ئێران لە تاران نییە و بۆ شوێنێکی پارێزراو گواستراوەتەوە.

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل گوتی: دەوڵەتی ئیسرائیل هێرشێکی پێشوەختەی دژی ئێران دەستپێکرد بۆ لابردنی هەڕەشەکان بۆ سەر دەوڵەتی ئیسرائیل.
بەرپرسێکی بەرگریی ئیسرائیلیش ڕایگەیاندووە، ئۆپەراسیۆنەکە چەند مانگێکە بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتۆن پلانی بۆ دانراوە، هەروەها وادەی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە چەند هەفتەیەک لەمەوبەر یەکلایی کراوەتەوە.
میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە، ڕۆژی شەممە دەنگی تەقینەوەکان لە تاران بیستراوە و لە دەوروبەری کاتژمێر ٠٨:١٥ بە کاتی ناوخۆی ئیسرائیل دەنگی ئاگادارکەرەوە لە سەرانسەری ئیسرائیل لێدرا، ئەمەش لە کاتێکدا کە سوپای وڵاتەکەی وتی ئاگادارکردنەوەکە ئامادەکردنی خەڵک بۆ ئەگەری هێرشی مووشەکیی داهاتوو.
سوپای ئیسرائیل داخستنی قوتابخانە و شوێنەکانی کارکردنی ڕاگەیاند و ئیسرائیل ئاسمانی خۆی بەڕووی گەشتە مەدەنییەکان داخست و دەسەڵاتی فڕۆکەخانەکانیش داوای لە خەڵک کرد نەچنە هیچ کام لە فڕۆکەخانەکانی ئەو وڵاتە.
ئەمریکا و ئێران لە مانگی شوباتدا دەستیان بە دانوستانەکان کردەووە و هەوڵێکدا بۆ چارەسەرکردنی ئەو ناکۆکییە دەیان ساڵەیەکەیان لە ڕێگەی دیپلۆماسییەوە و دوورکەوتنەوە لە مەترسی ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازی کە دەتوانێت ناوچەکە تێکبدات.
بەڵام ئیسرائیل پێداگری کرد، کە هەر ڕێککەوتنێکی ئەمریکا لەگەڵ ئێران دەبێت هەڵوەشاندنەوەی ژێرخانی ئەتۆمی تاران لەخۆ بگرێت نەک تەنها وەستاندنی پرۆسەی پیتاندنی یۆرانیۆم و دەبێت بەرنامەی مووشەکی ئێران بخاتە ناو دانوستانەکانەوە.
ئێران دەڵێ، لە بەرامبەر هەڵگرتنی سزاکاندا ئامادەیە تاوتوێی سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی بکات، بەڵام ڕەتیکردەوە ئەو پرسە بە مووشەکەوە ببەستێتەوە.
تاران هەروەها ڕایگەیاندووە، لە بەرامبەر هەر هێرشێکدا بەرگری لە خۆی دەکات.
