ڕاستەوخۆ

ئاژانسی وزەی ئەتۆم: ئاگامان لە چالاکییەکانی ئێران نییە و یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی دیار نەماوە

reset font size increase font size

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم هۆشداریی توند لەبارەی دیارنەمانی یۆرانیۆمی پیتێنراوی ئێران دەدات و ڕایدەگەیێنێت، لە دوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان، هیچ زانیارییەکیان لەسەر چارەنووسی ئەو یۆرانیۆمە و چالاکییە ئەتۆمییەکانی تاران نییە.

ئەم هۆشدارییەی ئاژانسەکە لە کاتێکدایە ئەمریکا داوای ڕادەستکردنی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران دەکات، بەڵام بەهۆی لێکەوتەکانی گرژییە سەربازییەکانەوە، گومان و نیگەرانیی قووڵ لەسەر چارەنووسی ئەو ماددە ئەتۆمییە مەترسیدارە دروستبووە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە دوای هێرشە سەربازییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردوودا کە بە "جەنگی 12 ڕۆژە" دەناسرێت چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ئێران بەتەواوی نادیارە.

ئاژانسەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بەهۆی بۆردومانکردنی دامەزراوە ئەتۆمییەکانەوە، ئەو بڕە یۆرانیۆمە لە شوێنی خۆی نەماوە و دەسەڵاتدارانی ئێرانیش هیچ زانیارییەکیان لەمبارەیەوە بە پشکێنەرانی نێودەوڵەتی نەداوە.

ئاژانسی وزەی ئەتۆم نیگەرانیی قووڵی خۆی لە ئەگەری بڵاوبوونەوەی چەک و ماددەی ئەتۆمی دەربڕی و ڕایگەیاند:

"له‌ مانگی حوزەیرانی ساڵی ڕابردووه‌وه‌، كه‌ فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا و ئیسرائیل بۆردومانی دامه‌زراوه‌ ئه‌تۆمییه‌كانی ئێرانیان كرد، ئاژانسه‌كه‌ نه‌یتوانیوه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ بۆ وێستگه‌ ئه‌تۆمییەکانی ئەو وڵاتە و ئاگاداری كار و چالاكییەکانیان نییە."

لە کۆتاییدا، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم داوای بەپەلە لە تاران دەکات دەرگای وێستگەکان بەڕووی پشکێنەراندا بکاتەوە و بە فەرمی چارەنووسی یۆرانیۆمە پیتێنراوەکەی ڕوون بکاتەوە بۆ ئەوەی ڕێگری لە هەر مەترسییەکی گەورەی ئەمنی لە ناوچەکەدا بکرێت.

 

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.