ئاوارەکانی ناوچەی سەرێکانی دهڵێن، تا ئێستا گروپه چهكدارهكان له ناو ماڵ و خانووهكانیاندان بۆیه ناتوانن بگهڕێنهوه زێدی خۆیان.
کۆمەڵێک لە ئاوارەکانی ناوچەی سەرێکانی و دەوروبەری لە چاوپێکوتنیاندا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی هاوار ڕایانگەیاند، تا ئێستاش گروپە چەکدارەکان و ئەو کەسانەی لە شوێنانی ترەوە هێنراون دەستیان بەسەر گوند و ماڵ و زەوییە کشتوکاڵییەکانیاندا گرتووە و بەو هۆیەشەوە ناتوانن لەژێر سایەی ئەو نائارامییەدا بگەڕێنەوە سەر زێدی خۆیان.
محەمەد ئەلوەزۆ، کە ئاوارەیەکی گوندی ئەلڕەبیعاتی سەر بە زڕگانە ئاماژەی بەوەکرد، گوندەکەیان بەتەواوی وێرانکراوە و لە نەبوونی ئاسایش و سەلامەتیدا گەڕانەوەی تاکەکەسی مەترسیدارە و پێویستە پرۆسەی گەڕانەوە بە شێوەیەکی بە کۆمەڵ و پارێزراو بێت.
سیتۆ مستەفا، هاوڵاتییەکی گوندی تەل بێدەرە جەختی لەوەکردەوە، هێشتا چەکدارە هاوردەکان لە گوندەکەیاندان و دەستیان بەسەر ماڵەکانیان گرتووە، بۆیە تا دەرنەچن ناتوانن بە ئارامی بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
لە لایەکی دیکەوە، سەبۆ حەمێ، کە هاوڵاتییەکی خەڵکی شاری سەرێکانییە باسی لەوەکردووه، جگە لە داگیرکردنی ماڵەکانیان، هاوكات دەست بەسەر دەیان دۆنم زەوی کشتوکاڵیشیاندا گیراوە و لە لایەن کەسانی نەناسراوەوە بەکاردەهێنرێن، ئەمەش وایکردووە گەڕانەوەیان لەم بارودۆخەدا بە مەترسی بزانن و داوای چۆڵکردنی ماڵ و موڵکەکانمان دەکەن.