به گوێرهی بهدواداچوونی رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ له رۆژاڤای كوردستان، ئاوارهكان خواستی ئهوهیان ههیه بگهڕێنهوه عهفرین و سهرێكانێ، كه 2018 بههۆی كۆچی زۆره ملێ ناوچهكانیان جێهێشتووه.
بەگوێرەی بەدواداچوونی رێكخراوهكان، خواستێکی زۆر لای ئاوارەکان هەیە بۆ گەڕانەوەیان بۆ زێدی خۆیان، بەڵام پرۆسەی گەڕانەوە سنوردارە، هۆکاری سەرەکی ئەمەش بۆ، مەترسیی ئەمنی، نادیاریی چارەنوسی موڵک و ماڵەکان و نەبوونی گەرەنتی راستەقینە دەگەڕێتەوە.
پرۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەکانی سەرێکانی و عەفرین دوای ئەوەی لە ساڵانی 2018 و 2019 بەهۆی ئۆپراسیۆنە سەربازییەکانی گروپه چهكدارییهكانەوە، دووچاری کۆچی زۆرەملێ و گۆڕینی دیمۆگرافی بوونەوە، رووبەڕووی ئاستەنگی جۆراوجۆر بوهوە.
بەشێک لە هاووڵاتییان ئاماژە بەوەدەکەن، رێککەوتنەکان تەنیا لهسەر کاغەزن و ئەوانەی ئێستا لەو ناوچانە نیشتەجێکراون، ئامادە نین ماڵ و زەوییە داگیرکراوەکانیان چۆڵ بکەن، ئەمەش مەترسی دروستبوونی ململانێی کۆمەڵایەتی و ئاڵۆزی زیاتری لێ دەکەوێتەوە.
هاوكات وێرانبوونی ژێرخان و لاوازیی خزمەتگوزارییەکانی وەک کارەبا، ئاو، خوێندن و تەندروستی و نەبوونی میکانیزمێکی روون و بێلایەن بۆ پاراستنی گەڕاوەکان، بەشێکی دیکە لەو ئاستەنگانەنی بەردەم پرۆسەکەن.