کۆمەڵەی یاساناسانی ئازادیخواز لە باکوری کوردستان، ڕاپۆرتی وەرزی خۆی دەربارەی پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ لە کاتی ئاهەنگەکانی نەورۆزی 2026دا بڵاوکردەوە.
بەگوێرەی ئامارەکانی کۆمەڵەکە، لەمساڵدا 253 کەس دەستگیرکراون و 63 کەسیش زیندانى کراون، بڕیاری چاودێری دادوەریش بۆ 112 کەسی دیکە دەرچووە.
ئیڕۆڵ کۆچەر، نوێنەری کۆمەڵەکە ڕایگەیاند، نەورۆز بۆ گەلی کورد سسمبولی ناسنامە و یادەوەرییە، بەڵام هێزە ئەمنییەکان ئەم بۆنەیەیان وەک تاوان وێنا کردووە و ڕێگرییان لە پۆشینی جلی کوردی و بەکارهێنانی ڕەنگەکانی سەوز و سور و زەرد کردووە.
لە ڕاپۆرتەکەدا هاتووە کە تەنانەت گوتنی وشەی (کوردستان) و هەڵپەڕکێ و گۆرانی گوتنیش کراونەتە هۆکار بۆ کردنەوەی دۆسێیەی یاسایی.
مەترسیدارترین بەشی ڕاپۆرتەکە، خستنەڕووی مامەڵەی خراپ و توندوتیژی هێزە ئەمنییەکانە بەرامبەر بە بەشدارانی ئاهەنگەکانی نەورۆز.