بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکان سەبارەت بە هێرشە خوێناوییەکانی سەر دوو خوێندنگە لە پارێزگاکانی مەڕەش و ڕحا، 83 کەسیان دەستگیر کروە و 940 هەژماریشیان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان داخستووە.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایشی تورکیا لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ڕێکاری یاسایی بەرانبەر بەو کەسانە گیراوەتەبەر کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ستایشی تاوان و تاوانکارییان کردووە و پۆستەکانیان کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی گشتی دروست کردووە.
ئەم هەڵمەتە ئەمنییە دوای دوو کارەساتی یەک لەدوای یەک دێت کە باکوری کوردستانی هەژاند. ڕۆژی سێشەممە 14ـی نیسانی 2026، لە شارۆچکەی سوێرەگی سەر بە پارێزگای ڕحا، خوێندکارێک بە ناوی عومەر کەت، تەمەن 19 ساڵ، هێرشی کردە سەر خوێندنگەی ئامادەیی ئەحمەد کۆیونجو و بەهۆیەوە 16 کەس بریندار بوون کە 10یان خوێندکار بوون، دواتر هێرشبەرەکە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
تەنیا ڕۆژێک دوای ئەو ڕووداوە، لە پارێزگای مەڕەش، خوێندکارێکی دیکەی تەمەن 14 ساڵ بە ناوی عیسا ئاراس مەرسینلی، بە چەکەوە هەڵیکوتایە سەر خوێندنگەی ناوەندیی ئایسەل چاڵک، لە هێرشەکەدا مامۆستایەک و 9 خوێندکار کوژران، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممەش یەکێک لە بریندارەکان لە نەخۆشخانە گیانی لەدەستدا و بەمەش ژمارەی قوربانیانی خوێندنگەکە گەیشتە 10 کەس.
ئاسایشی تورکیا جەختی کردووەتەوە، چاودێریی وردی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەردەوام دەبێت و هەر کەسێک هەوڵی هاندان بۆ توندوتیژی یان ستایشکردنی ئەو جۆرە هێرشانە بکات، ڕووبەڕووی سزای توندی یاسایی دەبێتەوە.
لای خۆشیانەوە، وەزارەتی پەروەردەی تورکیا، چەند بەرپرسێکی باڵای وەزارەتەکەی لە ڕحا لە کارەکانیان دوورخستەوە، بەهۆی کەمتەرخەمی لە پاراستنی ئاسایشی خوێندنگەکان.