لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتنی 29ی کانوونی دووەمی نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی کاتیی دیمەشق، ئەمڕۆ شاندێکی تەکنیکی سەر بە حکومەتی کاتیی سوریا، بۆ ئەنجامدانی گفتوگۆ و ئامادەکاری، بۆ دووبارە کاراکردنەوەی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامیشلۆ، گەیشتە رۆژاڤا.
ئاژانسی هەواڵی هاوار ئاشکرایکرد، شاندەکەی دیمەشق کە لە ئەمجد نەخاڵ، یاریدەدەری سەرۆکی دەستەی فڕۆکەوانیی سوریا و ژمارەیەک ئەندازیار پێکهاتبوون، لەلایەن مەروان مەحمود، فەرماندەی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی پارێزگای حەسەکە پێشوازییان لێکرا.
بڕیارە شاندەکە لە نزیکەوە چاودێری رەوشی تەکنیکی و ژێرخانی فڕۆکەخانەکە بکەن.
ئامانجی سەرەکی ئەم سەردانە ئەوەیە، لە داهاتوویەکی نزیکدا گەشتە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی قامیشلۆ دەستپێبکاتەوە.