ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز ڕایگەیاند، ئیمارات لە 1ـی ئایارەوە بە فەرمی لە ڕێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و هاوپەیمانی (ئۆپیک پڵەس) دەکشێتەوە، ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە ڕێکخراوەکە هەوڵی پاراستنی یەکگرتوویی و هاوسەنگی نرخەکان دەدات لە بازاڕە جیهانییەکاندا.
ڕۆیتەرز لە ڕاپۆرتێکدا دەڵێت، کشانەوەی ئیمارات کە ئەندامێکی سەرەکی و کاریگەری ئۆپیکە، دەبێتە هۆی لاوازکردنی پێگەی ڕێکخراوەکە لە دیاریکردنی نرخ و ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت لە جیهاندا.
دەشڵێت، ئەم هەنگاوە چاوەڕواننەکراوەی ئیمارات ئەگەری دروستبوونی پشێوی لە هەناردەکردنی نەوتدا لێ دەکرێت، بەتایبەت پێشتر ڕێکخراوەکە وەک بەرەیەکی یەکگرتوو دەردەکەوت.
بڕیارەکەی ئیمارات لە کاتێکی هەستیاردایە، کە بەرهەمهێنەرانی ئۆپیک لە گواستنەوەی نەوت و غازی سروشتی لە ڕێگەی گەرووی هورمزەوە ڕووبەڕووی ئاستەنگی زۆر بوونەتەوە.