چالاکبوونی جاروباری پاشماوەکانی داعش لە ناوچە دابڕێندراوەکان، جارێکی دیکە پرسی بۆشایی ئەمنی لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراقی هێناوەتەوە بەرباس؛ بەتایبەت دوای ئەوەی هێزەکانی دژە تیرۆر ئەفسەرێکیان لە کێوماڵکردنی ناوچەکەدا لەدەستدا.
کوژرانی ئەفسەرێکی دژە تیرۆر لە پردێ
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی دەزگای دژە تیرۆری عێراق، بەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەفسەرێک بە پلەی ملازمی یەک بە ناوی "حەسەن خوزەیر زوهێر" لە کاتی ڕووبەڕووبوونەوەیەکی چەکداریدا لە گوندی (دەرماناوی خواروو) لە ناوچەی شێخ بزێنی سەر بە ناحیەی پردێ لە باکووری ڕۆژاوای کەرکوک کوژرا.
ئەم ڕووبەڕووبوونەوەیە بەشێک بوو لە ئۆپراسیۆنێکی چڕ کە لە دوێنێوە دەستیپێکردووە؛ تێیدا هێزەکانی دژە تیرۆر چەکدارێکی داعشیان بە قەناس کوشت و هاوکات فڕۆکە جەنگییەکانیش مۆڵگەکانی داعشیان لە نێوان گوندەکانی قەرەسالم و چیاچەرمک بۆردومان کرد.
پەرلەمانتارێک: ئۆپراسیۆنی کاتی کێشەکە چارەسەر ناکات

لەسەر هەمان پرس، مازن غەریب، ئەندامی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق بە نووچە تیڤی ڕاگەیاند، چالاکبوونی گرووپە چەکدارەکان لەم سنوورەدا بەهۆی دەستبەکارنەبوونی ئەو دوو لیوا هاوبەشەوەیە کە پێشتر لە نێوان بەغدا و هەولێردا ڕێککەوتنیان لەسەر کرابوو.
غەریب جەختی کردەوە: "مەودای بۆشایی ئەمنییەکە زۆر فراوانە و تەنیا بە ئۆپراسیۆنی کاتی و خێرا کێشەکە چارەسەر ناکرێت، بەڵکو پێویستی بە جێگیرکردنی هێزی بەردەوام هەیە."
جوگرافیای دژواری سنووری پردێ و دواکەوتنی جێگیرکردنی لیوا هاوبەشەکان، وایکردووە شانە نووستووەکانی داعش سوود لە بۆشاییە ئەمنییەکان وەربگرن، ئەمەش باجەکەی قورستر کردووە و بووەتە هۆی پێویستیی خێراکردنی ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا.