کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی دیجلە و فوڕات بڵاویکردووەتەوە، پێشێلکارییەکان بەرامبەر بە ڕۆژنامەنووسانی باکوری کوردستان لە سەرەتای ئەمساڵەوە ژمارەی پێوانەیی تۆمارکردووەو لە ماوەی دوو مانگدا 25 ڕۆژنامەنووس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون.
کۆمەڵەی ڕۆژنامەنوسانی دیجلە و فوڕات لە ڕاپۆرتێکدا ئاماری پێشێلکارییەکانی هێزە ئەمنییەکانی تورکیای لەسەرەتای ئەمساڵەوە بڵاوکردەوە و دەڵێت، لەنێوان مانگی کانونی دووەم بۆ ئازاری ئەمساڵ، دەیان ڕۆژنامەنووس ڕووبەڕووی هێرشی جەستەیی و دەستگیرکردن و هەراسانکردنی دادوەری بوونەتەوە.
ئاشکراشیکردووە، تەنها لەماوەی دوو مانگدا 25 ڕۆژنامەنوس لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی تورکیاوە دەستگیرکراون.
دەشڵێت، دەسەڵاتی دادوەری وەک ئامڕازێکی سەرەکیی سەرکوتکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان بەکاردەهێنرێت و هۆشداری داوە سەبارەت بە سنوردارکردن، داخستن و بلۆککردنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و ماڵپەڕەکانی هەواڵ لەناوخۆی تورکیادا و دەڵێت، پێشێلکارییەکانی بەرامبەر بە ڕۆژنامەنوسان لە ڕووداوی تاکەکەسی تێپەڕیوە و بۆ سیستەمێکی هەمەلایەنەی سەرکوتکاری.