حکومەتی پاکستان ڕایگەیاند، ڕۆژانی یەکشەممە و دووشەممە، میوانداریی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی سعودیە، تورکیا و میسر دەکات، بە مەبەستی تاوتوێکردنی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل دژ بە ئێران.
حکومەتی پاکستان لە ڕاگەیەنراوێکدا دەڵێت، ئامانجی سەرەکیی ئەم کۆبوونەوە چوارقۆڵییە، وەک هەوڵی چارەسەرێک بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکانی ناوچەکە راگەیەنراوە.
کۆبوونەوەکە لە کاتێکدایە، تورکیا پێشتر دژایەتی خۆی بۆ هەر جۆرە هێرشێکی سەربازی دژ بە ئێران دەربڕیبوو، لە بەرانبەردا، ڕاپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە دەکەن، سعودیە داوای لە دۆناڵد ترامپ کردووە کۆتایی بە دەسەڵاتی حکومەتی ئێران بهێنێت.
هاوکات، ئاژانسی هەواڵی فەڕەنسا بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران و شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی یەک کاتژمێرییان ئەنجام داوە، کە وەک پێشەکییەک بۆ کۆبوونەوەکەی ئیسلام ئاباد دەبینرێت.