پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، هەولێر و دەوروبەری 300 جار لە لایەن گروپە چەکدارەکانەوە هێرشی کراوەتە سەر.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر لە كۆنفرانسێكی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: بێ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک بێت لەو گرژییانەی لەناوچەکە دەگوزەرێت، لە ڕۆژی 28 ی شوبات و دوای هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران، 300 جار بە درۆن و موشەک هێرشکراوەتە سەر شاری هەولێر و دەوروبەری.
دەشڵێت: هەرگیز هەرێمی کوردستان نابێتە بەشێک لەو بارگرژیی و جەنگەی هەیە لە ناوچەکە و ڕێگەش نادەین ئەوانەی شەڕی بە وەکالەت دەکەن، هەرێم بکەنە شوێنێکی نا سەقامگیر و نا ئارام بۆ بەرژەوەندیی و مەرامەکانیان.
پێشتر گروپی مقاومەی ئیسلامی بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەكانی سەر هەرێمی كوردستان و بە تایبەت هەولێر ڕاگەیاندبوو، ئەوەش بە بیانووی بوونی كونسوڵخانە و بنكەی هێزەكانی ئەمریكا لە هەولێر.