وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان وەڵامی ڕەخنەکانی عەلی حەمەساڵح، سەرکردەی ڕەوتی هەڵوێست دەداتەوە و ڕادەگەیێنێت، بەهۆی ئاڵۆزی و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەوە داهاتی ناوخۆ بە ڕێژەی 70% کەمی کردووە و هیچ کاتێکیش داهاتی مانگانە نەگەیشتووەتە 400 ملیار دینار.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕوونکردنەوەیەکدا ئاماژەی بەوە کردووە، بەهۆی جەنگی ئێران و ئەمریکا-ئیسرائیل و گۆڕانکارییە سیاسی و سەربازییەکانی ناوچەکەوە، داهاتی هەرێمی کوردستان بە ڕێژەی 70% پاشەکشەی کردووە. وەزارەتەکە ڕوونیشی دەکاتەوە کە داهاتی ئەو بەڕێوەبەرایەتییانەی پارەیان بۆ دەگەڕێتەوە، بەشێکی قەرزی لای هاووڵاتییانە و بەشێکیشی خودی بەڕێوەبەرایەتییەکان بۆ ڕاییکردنی کارەکانیان بەکاری دەهێننەوە و سەرجەمی ناڕژێتە ناو خەزێنەی وەزارەتەوە.
لەبارەی بڕی داهاتی ناوخۆوە، وەزارەتی دارایی ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە دەڵێن داهات 400 ملیار دینار بووە و دەڵێت: "هیچ کاتێک وەزارەت داهاتی ناوخۆی بە 400 ملیار بڵاونەکردووەتەوە، چونکە ئەو داهاتە جێگیر نییە و مانگانە کەم و زیاد دەکات."
ئەم وەڵامەی وەزارەتی دارایی دوای ئەوە دێت کە عەلی حەمەساڵح، سەرکردەی ڕەوتی هەڵوێست ڕەخنەی گرتبوو و ڕایگەیاندبوو: "ڕادەستنەکردنی داهاتی ناوخۆ گرفتی بەردەم پێدانی مووچەیە. لە یەکەمین مانگی ساڵی 2021دا داهاتی ناوخۆ 474 ملیار دینار بووە، ناکرێت ئێستا بۆ 100 ملیار دینار دابەزیبێت."
عەلی حەمەساڵح ئاماژەی بەوەش کردبوو کە تەنیا داهاتی هاتوچۆ نزیکەی 65 ملیار دینارە و کارەباش 90 بۆ 100 ملیار دینارە، بۆیە چۆن داهاتی ناوخۆ ناتوانێت ئەو 120 ملیار دینارە پڕ بکاتەوە کە بۆ مووچە داوا دەکرێت؟