نووسینگەی پارێزگاری هەولێر، سەرکەوتنی تەواوی پلانی تایبەت بە ڕۆژانی جەژنی قوربانی لە سێکتەرەکانی ئەمنی، تەندروستی و خزمەتگوزاریدا ڕاگەیاند. پلانەکە کە بە سەرپەرشتی ڕاستەوخۆی پارێزگار و هەماهەنگی دامەزراوە جیاوازەکان بەڕێوەچوو، توانی سەقامگیری پایتەخت بپارێزێت و هاوکات پێشوازی لە 112,657 گەشتیار بکات کە لە دەروازە جیاوازەکانەوە ڕوویان لە شارەکە کردبوو.
ئاسایش، هاتوچۆ و بەرگریی شارستانی
لە کەرتی ئەمنیدا، پۆلیسی هەولێر بە هێزێکی فراوانەوە کە پێکهاتبوو لە 113 ئەفسەر و 1,532 کارمەند لە ئەرکدا بوون.
لەم ماوەیەدا، 3 تاوانی کوشتن، چەند حاڵەتێکی شەڕکردن و ٤ دزیکردن تۆمارکراون. هاوکات هێزەکانی ئاسایش بەبێ هیچ گرفتێکی ئەمنی دۆخەکەیان کۆنترۆڵ کردووە. لە لایەکی دیکەوە، بەهۆی پابەندنەبوونی شۆفێران بە ڕێنماییەکانەوە، 4 ڕووداوی هاتوچۆ ڕوویان دا و تەنیا یەک برینداری لێکەوتەوە.
هاوشانی ئەوانیش، تیمەکانی بەرگریی شارستانی 61 حاڵەتی ئاگرکەوتنەوەیان (لە ماڵان، ئۆتۆمبێل، دوکان و پوش و پاوان) کۆنترۆڵ کردووە بێ ئەوەی زیانی گیانی لێبکەوێتەوە.
دۆخی تەندروستی و ئاماری لەدایکبوون
بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی هەولێر ئامارەکانی نێوان 26 تا 30ی ئایاری 2026ی بڵاوکردەوە، کە تێیدا 3,004 هاووڵاتی سەردانی فریاکەوتنەکانی ڕۆژئاوا و ڕزگارییان کردووە.
لەم ماوەیەدا 216 ڕووداوی جۆراوجۆر (لەوانە 137 ڕووداوی هاتوچۆ و ماتۆڕسکیل، 134 بەربوونەوە، و 11 گەستنی سەگ) تۆمارکراون.
هەروەها 71 حاڵەتی سکچوون، 17 پێوەدانی مار و دووپشک، و 35 ژەهراویبوون بە خۆراک چارەسەرکراون.
لە کەرتی نەشتەرگەریشدا 195 نەشتەرگەری ئەنجامدراون. هاوكات، نەخۆشخانەکانی هەولێر شایەتی لەدایکبوونی 227 منداڵ بوون کە 97یان بە سروشتی و 132یان بە نەشتەرگەری بووە.
پەیامی کۆتایی پارێزگاری هەولێر:
"دەستخۆشی لە سەرجەم یەکە کارگێڕی، ئەمنی، تەندروستی، شارەوانی و ژینگەپارێزان دەکەین کە لە پشووی جەژندا لە ئەرکدا بوون. هاوشاریانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کە هەمیشە شەو و ڕۆژ دەخەینە سەر یەک بۆ پاراستنی سەلامەتی و سەر و ماڵیان."