لە ئێستادا نەبوونی غاز لە سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە سنورى پارێزگاى هەولێر هاوشێوەى سەرجەم ناوچەکانى دیکەى هەرێمى کوردستان بووەتە قەیرانێکی گەورە و هاوڵاتیان بە ئەستەم غازیان دەست دەکەوێت.
لە ئێستادا ڕۆژانە هاوڵاتیان بەڕیز دەوەستن بۆ دەستخستنی بتڵێکى غاز، بەشێکیان دوای چەندین کاتژمێر لەنۆرە گرتن، غازیان بەرناکەوێت و بەنائومێدی دەگەڕێنەوە ماڵەوە.
غازی ماڵان کە حکومەتى هەرێمى کوردستان دابەشی دەکات، نرخەکەی گەیشتووەتە نزیکەی ٣٠ هەزار دینار، بە وتەى هاوڵاتیان ئێستا حکومەت لەبری ئەوەی وەک پێشتر ڕاستەوخۆ لە گەڕەک و کۆڵانەکان دابەشی بکات، لەبەردەم کارگەکانی غاز بەنرخی ئاسایی جاران کە هەشت هەزار و ٥٠٠ دینارە دابەشی دەکات، بەڵام نۆرەی وەرگرتنی غاز هێندە زۆرە دەیان کێشە و گرفتی بۆ درووست کردوون.
سنوری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کە پێنج قەزا و ۱۳ ناحیە لەخۆدەگرێت، ڕۆژانە پێویستی بە ٨٠ تۆن غاز هەیە، بەڵام بە وتەى بەرپرسانى سنورەکە تەنیا حەوت تۆن غاز لەبەردەستە کە دەکاتە پێنج هەزار بتڵ، ئەمەش قەیرانێکی گەوەرەی درووست کردووە.