بەرپرسێكی باڵای وەزارەتی پێشمەرگە ئاشكرایدەكات، هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە مانگی 10ی ئەمساڵ كۆتایی دێت.
لیوا رروكن بەختیار محەممەد ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە رایگەیاندووە، تائێستا هاوكارییەكانی هاوپەیمانان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە بەردەوامن، ساڵانە بڕی هاوكارییەكان گۆڕانكارییان بەسەردا دێت و جێگیر نین، چونكە ساڵانە بودجەی بۆ تەرخان دەكرێت.
وتیشی، بەگوێرەی ئەو رێككەوتنانەی پێشتر كراون هاوكارییەكان بۆ هێزەكانی پێشمەرگە تاوەكو مانگی 10ی ئەمساڵ بەردەوام دەبێت و دوای ئەو وادەیە كۆتایی دێت.
لەبارەی یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگەشەوە دەڵێت، سەرەتای ئەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەك لەسەر ئاستی باڵا بۆ دروستكردنی دەڤەری 1 و 2 ئەنجامدراوە، لەو كۆبوونەوەیەدا لێكتێگەیشتنی باش لەنێوان لایەنەكاندا كراوە و چاوەڕوان دەكرێت تاوەكو چەند رۆژی ئایندە بەرەوپێشچوونی باش لە یەكخستنی هێزەكانی پێشمەرگە و پڕۆسەی دروستكردنی هەردوو دەڤەرەكە ڕووبدات.
ئەمریكا ساڵانە لە چوارچێوەی هاوكارییەكانی وەزارەتی بەرگری بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش و تیرۆر، هاوكاریی ئەو هێزانە دەكات كە هاوبەشی ئەمریكا و هاوپەیمانانن لە بەرەنگاربوونەوەی داعش، لەناویاندا هێزەكانی پێشمەرگە، هێزە عێراقییەكان و هێزەكانی سووریای دیموكرات- هەسەدە هەیە.