شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، لە ڕاگەیەنراوێکدا هەموو ئەو زانیاری و تێبینییانەی ڕەتکردەوە، لەم دواییانەدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و هەندێک دەزگای ڕاگەیاندن بەناوی ئۆجالانەوە بڵاوکراونەتەوە. شاندەکە جەخت دەکاتەوە، ئەو دەقانەی بەناوی ئەوەوە بڵاودەکرێنەوە، بێ بنەمان و بۆ مەبەستی چەواشەکاری ئامادە کراون.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، دەقە بڵاوکراوەکان دەستکاری کراون و چەندین گوتەی تێدا جێگیر کراوە، کە هی کەسانی دیکەن، نەک ئۆجالان، بەمەش بیروبۆچوونەکانی ناوبراو بەلاڕێدا براون.
دەم پارتی، داوا لە ڕایگشتی دەکات تەنیا متمانە بەو زانیارییانە بکەن، کە لە لایەن شاندی ئیمڕاڵی و خێزانی ئۆجالان یان پارێزەرەکانییەوە بڵاودەکرێنەوە.
شاندەکە هۆشداری دەدات، ئەم جۆرە هەوڵانە زیان بە زەمینەی دیالۆگ و پرۆسەی چارەسەریی سیاسی دەگەیەنن. داواش لە هەموو لایەک دەکات لەم قۆناغە هەستیارەدا بەرپرسانە مامەڵە بکەن و نەبنە بەشێک لە بڵاوکردنەوەی ئەو دەقانەی کە هیچ بنەمایەکی باوەڕپێکراویان نییە.