شەپۆلێکی دیکەی هێرشە موشەکی و ئاسمانییەکان، شارە جیاوازەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی گرتووە، هاوکات جموجۆڵێکی چڕی سەربازی لە ناوچەکەدا دەستیپێکردووە.
لە نوێترین هێرشەکانی ئەمریکا وئیسرائیل، فڕۆکە جەنگییەکان بەسەختی بەرزاییەکانی دەوروبەری شاری ئیلامیان بۆردومان کرد، هاوکات لە شارەکانی بانە، مەریوان، سەقز، قوروە و دیواندەرە، چەندین ناوەندی گرنگی سوپای پاسداران، بنکەکانی پۆلیس و دامەزراوە ئەمنییەکان کراونەتە ئامانجی هێرشە ئاسمانییەکان.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە مەیدانییەکان، لە شاری بانە باڵەخانەی فەرمانداری و ناوەندی ئیتڵاعات بەتەواوی خاپورکراوە، هەروەها بنکە سنورییەکانی كەنەسورە و سیاگوێز له سنوری پێنجوێن بۆردمان کراون، لە مەریوانیش دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز لە ناوچە سنوورییەکان و کێوی ئیمام بیستراوە.
لە لایەکی دیکەوە، دۆخی شاری مەهاباد بەتەواوی سەربازی کراوە، سەرچاوە ناوخۆییهكان ئاماژەبەوە دەکەن کاروانێکی گەورەی هێزی زرێپۆش و چەکی قورس لە تەورێزەوە گەیشتوونەتە ناو شاری مەهاباد و لە خاڵە ستراتیژییەکاندا جێگیرکراون.