لە ڕۆژئاوای کوردستان، دیاردەی هەڵکەندنی بیرە بێ مۆڵەتەکان بەشێوەیەکی مەترسیدار ڕووی لە زیادبوون کردووە و بەرپرسانیش هۆشداری لە دابەزینی ئاستی ئاوی ژێرزەوی دەدەن.
ماوەی مانگێکە لە شارەکانی هەرێمی جزیرە، بەتایبەت لە قامیشلۆ، لێدانی بیر بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە.
ئەمەش دوای ئەوە دێت کە بەهۆی هێرشەکانی دەوڵەتی تورکیا و حکومەتی دیمەشقەوە، سەدان ئامێری بیرلێدان (حەفارە) ڕوویان لە ناوچەکە کردووە.
شارەوانیی قامیشلۆ ڕایگەیاندووە کە بەهۆی سەرپێچیی زۆر و نەبوونی هاوکاریی هاوڵاتیانەوە، پرۆسەی کۆنترۆڵکردنی بیرلێدان لە ناو شاردا تا ڕادەیەک لە دەست دەرچووە.
دەستەی کشتوکاڵی قامیشلۆش ئاشکرای کردووە کە بەهۆی کارەکانی ڕێکخستنەوەی ناوخۆیی دامەزراوەکانیان، لیژنەکانی چاودێری ڕاگیراون؛ ئەم بۆشاییە ئیدارییەش بووەتە هۆی ئەوەی لە دەرەوەی شارەکان، بیرە کشتوکاڵییەکان بەبێ مۆڵەت و چاودێری لێبدرێن و لە ئێستاشدا ناتوانن چاوپۆشییان لێبکەن یان ڕێگرییان لێبکەن.
شارەزایان هۆشداری دەدەن کە بەردەوامبوونی ئەم دۆخە، لە داهاتوویەکی نزیکدا ناوچەکە ڕووبەڕووی قەیرانێکی گەورەی دەکاتەوە.