بە گوێرەی راپۆرتێکی رێکخراوی هەنگاوی مافی مرۆڤ، هێزەکانی سەر بە ئیتلاعاتی سوپای پاسدارانی ئێران لە گوندێکی سەر بە قەزای مەهاباد دوو هاوڵاتییان دەستبەسەر کرد و بۆ شوێنێکی نادیاریان گواستنەوە.
بە گوێرەی زانیارییەکان، هێزە چەکدارەکانی سوپای پاسداران هەڵیانکوتاوەتە سەر گوندی "کۆسەکەرێز"ی سەر بە مەهاباد و بەبێ نیشاندانی هیچ بەڵگەیەکی یاسایی، دوو هاوڵاتییان بە ناوەکانی ئیحسان خوڕڕەم ئاباد (تەمەن 17 ساڵ) و میکائیل دودکانلو میلان ناسراو بە (شۆڕش، تەمەن 40 ساڵ) دەستبەسەر کردووە.
هەروەها باس لەوە دەکات کە دەستبەسەرکردنی ئەو دوو هاوڵاتییە بە بەکارهێنانی توندوتیژی بووە و تاوەکو ئێستا هۆکاری دەستگیرکردنەکەیان و ئەو شوێنەی بۆی گواستراونەتەوە، ڕانەگەیەندراوە.
سەرەڕای بەدواداچونی بەردەوامی بنەماڵەکانیان بۆ زانینی چارەنوسیان، لایەنە پەیوەندیدارەکان هیچ زانیارییەکیان پێ نەداون، ئەمەش نیگەرانی لای کەسوکاریان دروست کردووە.