لە چوارچێوەی ئەو کەمپەینەی کە پلاتفۆرمی هاوبەشی بزووتنەوە و ڕێکخراوەکانی ژنانی ڕۆژاڤا لە 26ـی نیساندا ڕایگەیاندبوو، ئەمڕۆ ڕێکخراوی کۆنگرەی ستار لە شاری قامیشلۆ ڕێپێوانێکی جەماوەریی بەرفراوانی بۆ پشتگیریکردنی یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە) ڕێکخست.
ڕێپێوانەکە بە بەشداریی سەدان کەس لە دانیشتووانی شارەکە و شەڕڤانانی یەپەژە بەڕێوەچوو.
جەواھر عوسمان، ئەندامی کۆنگرەی ستار لە کۆتایی ڕێپێوانەکەدا وتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند، "ژنانی ناوچەکە نوێنەرایەتیی ڕاستەقینەی خۆیان لە ناو یەپەژەدا دەبیننەوە، چونکە ئەم هێزە ڕۆڵێکی مێژوویی لە پاراستنی ژنان و بەها کۆمەڵایەتییەکاندا گێڕاوە".
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، یەپەژە توانیویەتی بەسەر "هێزە تاریکەکاندا" سەربکەوێت و ببێتە نموونەیەکی جیهانی بۆ تێکۆشانی ژنان.
جەواهر عوسمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا داوایەکی ئاراستەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد و گوتی "پێویستە یەپەژە لە ناو وەزارەتی بەرگریی داهاتووی سوریادا شوێنی شایستەی هەبێت". ناوبراو هۆشداریی دا، پشتگوێخستنی ئەم هێزە بە واتای پەراوێزخستنی ڕۆڵی ژن دێت لە دەستوری نوێی ئەو وڵاتەدا.