ماڵپەڕی یەنی یەشام دەقی ئەو نامەیەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە، گوتارەکانی هەینی لە هەر دۆخێکدا بن تەنیا بە زمانی تورکی پێشکەش دەکرێن. لە مزگەوتەکانی ناوەندی شارۆچکەکەشدا دەبێت ئامۆژگارییە ئایینییەکان بە تورکی بن.
لە بەرانبەر بڕیارەکە، ژمارەیەک لە مامۆستایانی ئایینی، کە نەیانویستووە ناوەکانیان ئاشکرا بکرێت، کاردانەوەی توندیان بەرانبەر بڕیارەکە نیشانداوە و ئاماژەیان بەوە کردووە، زۆرینەی دانیشتووانی ناوچەکە کوردن و کاتێک گوتاری ئاینی بە تورکی بێت، خەڵک لە مانا و پەیامە ئایینییەکان تێناگەن.
ماڵپەڕەکە دەشڵێت، پەیوەندییان بە چەند مامۆستایەکی ئاینییەوە کردووە و ڕایانگەیاندووە، دەیانەوێت بە زمانی کوردی، کە زمانی خەڵکەکەیە گوتار پێشکەش بکەن، بەڵام موفتی ڕێگەمان پێ نادات.
لە شارێکی باکوری کوردستان گوتاری ئاینی بە زمانی کوردی قەدەغە کرا
موفتی شارۆچکەی گیادین لە پارێزگای ئاگری باکوری کوردستان، لە ڕێگەی گروپێکی (واتسئەپ)ـەوە پێشکەشکردنی گوتاری ئایینی لە دەرەوەی زمانی تورکی قەدەغە کرد. ئەمەش ناڕەزایەتیی توندی ئەو مامۆستا ئایینییانەی لێکەوتووەتەوە و دەڵێن زۆرینەی هاوڵاتیانی ناوچەکە کوردن و لە گوتاری تورکی تێناگەن.