لە زیندانەکانی تورکیا، جارێکی دیکە ڕێگری لە زمانی کوردی کرا و ئەمجارەیان بە پاساوی نەدانی کرێی وەرگێڕ ڕێگری لە گۆڕینەوەی نامەی زیندانیان دەکرێت.
بەگوێرەی هەواڵێک کە ئاژانسی میزۆپۆتامیا بڵاویکردووەتەوە، ئەم بابەتە دوای ئەوە ئاشکرا بوو کە ڕەمەزان چەپەر، یەکێک لە زیندانیانی گرتوخانەی سنجان، لە ڕێگەی نامەیەکەوە باسی لەوە کردووە، کە ئەو کارمەندەی پێشتر شارەزای زمانی کوردی بووە و لە لیژنەی خوێندنەوەی نامەکاندا کاری کردووە، لەو لیژنەیە دوور خراوەتەوە. ئێستا ئیدارەی زیندانەکە بە بیانووی ئەوەی کە بودجە نییە بۆ دابینکردنی وەرگێڕی کوردی، نە نامە کوردییەکان دەداتە زیندانیان و نە ڕێگەش دەدات زیندانیان بە کوردی نامە بۆ دەرەوە بنێرن.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئیدارەی زیندانی سنجان، پاساویان بۆ ئەم هەڵوێستە ئەوەیە، کە گوایە هەمان ڕێکار بۆ نامەی زمانە بیانییەکانی وەک ڕوسیش پەیڕەو دەکرێت، ئەمەش لە کاتێکدایە، کە زمانی کوردی زمانی ڕەسەنی ملیۆنان هاوڵاتیی ئەو وڵاتەیە، بەڵام وەک زمانێکی "بیانی" مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
نەژلا دەمیر، پەرلەمانتاری پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە بازنەی ئاگری، داوایەکی ئاڕاستەی پەرلەمانی تورکیا کردووە و داوای ڕوونکردنەوەی بەپەلەی لەبارەی ئەم ڕێگریکردنە کردووە.