ئاماده‌كردن/ ڕێبوار تۆفیق
ده‌نگی ئه‌مریكا بڵاویكرده‌وه، دوای سكاڵایه‌كی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌و وڵاته، حكومه‌تی ئه‌مریكا ده‌یه‌وێت ده‌ستبه‌سه‌ر كۆشكێكی مه‌نسور بارزانیدا بگرێت چونكه به پاره‌ی به‌رتیل كڕدراوه.
به گوێره‌ی هه‌واڵه‌كه‌ی ده‌نگی ئه‌مریكا، وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا دوای به دواداچونی ورد سكاڵای له ناوچه‌ی ناوه‌ندی كالیفۆرنیا تۆماركردووه و داوای ده‌ستبه‌سه‌راگرتنی كۆشكێك ده‌كات له شاری بیڤه‌رلی هێڵز له ویلایه‌تی كالیفۆرنیا.
سكاڵاكه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟
سكاڵاكه‌ی وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌رده‌می شه‌ڕی دژی داعش له ساڵانی 2016 بۆ 2020 .
وه‌زاره‌تی دادی ئه‌مریكا ده‌ڵێت، به‌رپرسێكی هه‌رێمی كوردستانی عێراق به پاره‌ی فێڵكردن له ده‌زگه‌ی لۆجیستی وه‌زاره‌تی به‌رگریی ئه‌مریكا و له ڕێگه‌ی به‌رتیل وه‌رگرتن و پێشیلكردنی یاساكانی سپیكردنه‌وه‌ی پاره له ئه‌مریكا، كۆشكه‌كه‌ی به نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار كڕیوه و نۆژه‌نی كردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌یی سكاڵاكه، كۆمپانیای دی جی جی سی ئینته‌رناشناڵی ئه‌مریكی ملیۆنان دۆلاری وه‌ك به‌رتیل داوه‌ته مه‌نسور بارزانی، ئه‌و كاته فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای پێشمه‌رگه بووه و توانیوێتی بگاته بنكه سه‌ربازییه‌كانی ئه‌مریكا له هه‌رێمی كوردستان.

سه‌رده‌می گه‌نده‌ڵییه‌كه بۆ كه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه ؟
كۆمپانیای دی جی جی سی ئینته‌رناشناڵی ئه‌مریكی له نێوان ساڵانی 2015 بۆ 2023 چه‌ند گرێبه‌ستێكی به به‌های 700 ملیۆن دۆلار له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئه‌مریكا كردووه بۆ دابینكردنی وزه‌ی سوته‌مه‌نیی بۆ ئه‌و فڕۆكانه‌ی ئه‌مریكا كه له پرۆسه‌ی دژ به چه‌كدارانی داعش له عێراق و ناوچه‌كه به‌كارهاتوون.
تۆمه‌ته‌كانی حكومه‌تی ئه‌مریكا بۆ كۆمپانیاكه چییه ؟
حكومه‌تی ئه‌مریكا كۆمپانیاكه تۆمه‌تبار ده‌كات به‌وه‌ی به نا یاسایی هه‌وڵیداوه كۆمپانیایه‌كی دیكه له ڕكابه‌ریی دووربخاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ش به‌رتیلی به بڕی 25 سه‌نت بۆ هه‌ر لیترێك سوته‌مه‌نیی داوه به مه‌نسور بارزانی له به‌رانبه‌ر وه‌رگرتنی گرێبه‌سته‌كه.

له‌و ماوه‌یه‌شدا كۆمپانیاكه، نرخی سوته‌مه‌نیی به ڕێژه‌یه‌كی به‌رچاو به‌رزكردووه‌ته‌وه و ڕێگرییش له كۆمپانیا ڕكابه‌ره‌كان كراوه فڕۆكه‌خانه‌ی هه‌ولێر بۆ گواستنه‌وه‌ی سوته‌مه‌نیی بۆ فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی ئه‌مریكا به‌كاربهێنن.
مه‌نسور بارزانی كۆشكه‌كه‌ی ساڵی چه‌ند كڕیوه؟
حكومه‌تی ئه‌مریكا ئاماژه به‌وه‌ده‌كات، له ساڵی 2018 نزیكه‌ی 30 ملیۆن دۆلار له‌و پاره نا یاساییانه له لایه‌ن سندوقێكی سه‌ر به مه‌نسور بارزانییه‌وه به‌كارهێنراوه بۆ كڕین و نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی كۆشكێك له شاری بێڤه‌رلی هێڵزی ویلایه‌تی كالیفۆرنیای ئه‌مریكا.