جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ده‌ڵێت، نه‌بوونی هه‌ماهه‌نگی له نێوان زانكۆ و په‌یمانگاكان له‌گه‌ڵ بازاڕی كاردا كێشه‌یه‌كی گه‌وره‌یه و ده‌بێت لێکتێگەیشتن له نێوانیان دروستبكرێت.
قوباد تاڵه‌بانی له فه‌یسبوك بڵاویكرده‌وه، بەهۆی ناهەماهەنگیی زانكۆ و په‌یمانگه‌كان له‌گه‌ڵ بازاڕی كاردا، کۆمپانیاکان و خاوەنکارەکانی کەرتی تایبەت بە ئاسانی هێزی کاری شارەزای ناوخۆییان دەست ناکەوێت.
گوتیشی، خاوه‌نكاره‌كان ناچارن پشت بەهێزی کاری بیانی ببەستن و لە هەمانکاتیشدا گەنجان و خوێندکارەکانیشمان هەمیشە نیگەرانن کە لە دوای تەواوکردنی خوێندن هەلی کاریان دەست نەکەوێت.
جه‌ختی له‌وه‌شكرده‌وه، ماوەی چەند ساڵێکە کار دەکەین بۆ دروستکردنی ئەم هەماهەنگییە، لە ئەنجامی ئەو هەوڵانەشدا ئەمڕۆ زانکۆکان و پەیمانگه‌کان و نوێنەرانی کۆمپانیاکان لەسەر نەخشەڕێگەیەک رێککەوتن کە لەمەودوا زانکۆ و پەیمانگه‌کان بە هەماهەنگی لەگەڵ کەرتی تایبەت، هێزی کاری شارەزا و راهێنراو بۆ کەرتی تایبەت ئامادە دەکەن.