ڕاستەوخۆ

فایەق زێدان: پێویستە چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت

reset font size increase font size

سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەریی عێراق، هۆشداریی توند دەدات لەبارەی مەترسییەکانی بڕیاردانی تاکلایەنە بۆ ڕاگەیاندنی جەنگ و ڕایدەگەیەنێت، ئەم پرسە تەنیا لە دەسەڵاتی دەوڵەتدایە و هەر جوڵەیەکی دەرەکی دەبێتە هۆی لاوازکردنی هەژموونی وڵات و پێشێلکردنی دەستور.

فایەق زێدان، لە گوتارێکیدا کە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەینی، لە هەژماری فەرمیی ئەنجومەنی باڵای دادوەری عێراق بڵاوکراوەتەوە ئاماژە بەوە دەکات، کە دەستوری عێراق پرسی ڕاگەیاندنی جەنگی بە وردی ڕێکخستووە تاوەکو ڕێگری لە خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات بگرێت و هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی دەوڵەت و پارێزگاریکردن لە سیستەمی دیموکراتی دروست بکات.

ئاماژەی بەوەکردووە، ڕەفتاری هەندێک لە گرووپە چەکدارەکان بۆ بڕیاردانی سەربەخۆ لە پرسەکانی جەنگ و ئاشتیدا، هەڕەشەیەکی راستەوخۆیە بۆ سەر ئاسایش و سەروەریی عێراق، دەشڵێت، ئەم جۆرە بڕیارانە وڵات تووشی فەوزای ئەمنیی و یاسایی دەکات و دەبێتە هۆی دروستبوونی چەندین ناوەندی بڕیاردانی سەربازی، کە ڕەنگە عێراق پەلکێشی ناو ململانێیەک بکات کە گەلی عێراق لێی بەرپرس نییە.

هۆشدارییش دەدا، ئەم جۆرە بڕیارە نافەرمیانە عێراق ڕووبەڕووی گۆشەگیریی نێودەوڵەتی و سزای جۆراوجۆر دەکاتەوە و متمانەی نێوان هاوڵاتی و دەوڵەت ناهێڵێت، هاوکات کاریگەریی نەرێنیی گەورە لەسەر ژیانی هاوڵاتییان، ئابووریی وڵات و کەرتی خزمەتگوزارییەکان دروست دەکات.

دووپاتی کردووەتەوە، پێویستە هەموو جۆرە چەکێک تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت و دامەزراوە دەستوورییەکان تاکە لایەنی بڕیاردەر بن لە پرسە چارەنووسسازەکاندا، تاوەکو ئاسایش و سەقامگیریی وڵات پارێزراو بێت و سیستمە دیموکراسییەکە لە هەر دەستوەردانێکی نایاسایی بپارێزرێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.