شاندێکی ژنانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆجێیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) سەردانی ڕۆژئاوای کوردستانی کرد و لە شاری قامیشلۆ لەگەڵ ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، کۆبووەوە.
شاندەکەی دەم پارتی کە لە دێڤریم دەمیر، هاوسەرۆکی پێشووی شارەوانیی مێردین، سەفییە ئاکداغ، هاوسەرۆکی شارەوانیی ناوچەی یەنی شەهیری ئامەد، و هاوسەرۆکانی شارەوانییەکانی فارقین و تاتوان پێک هاتبوو، لە کۆبوونەوەیەکی داخراودا دۆخی ناوچەکە و چۆنیەتیی بەهێزکردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولایان تاووتوێ کرد.
بڕیارە لە درێژەی سەردانەکەیدا، شاندەکە چاوی بە جیهان حەسام، بەڕێوەبەری هەرێمی قامیشلۆ بکەوێت، هەروەها سەردانی چەند شارەوانییەکی ڕۆژئاوای کوردستان بکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە ئاگاداری کار و چالاکییە خزمەتگوزارییەکان بێت و هەڵسەنگاندنیان بۆ بکات.