ڕاستەوخۆ

سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کورد لە ورمێ جێبەجێ کرا

reset font size increase font size

دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێران جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدانی زیندانییەکی سیاسیی کوردی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ڕاگەیاند کە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج" سزادرابوو.

حکومەتی ئێران سزای لەسێدارەدانی مێحراب عەبدوڵڵازادە، زیندانیی سیاسیی کوردی خەڵکی شنۆی جێبەجێ کرد. دەزگای دادوەریی ئەو وڵاتە بڵاویکردەوە، سزاکە بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە جێبەجێ کراوە.

مێحراب عەبدوڵڵازادە دوای بەشداریکردن لە شۆڕشی "ژن، ژیان، ئازادی" لە ساڵی 2022، دەستگیر کرا و دواتر لەلایەن دادگای شۆڕشی ورمێ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنرابوو.

دەزگای دادوەریی حکومەتی ئێران بانگەشەی ئەوەیکردووە، عەبدوڵڵازادە بە تۆمەتی "بەشداریکردن لە کوشتنی ئەندامێکی بەسیج" لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 ئەو سزایەی بەسەردا سەپاوە.

لە لایەکی دیکەوە کەسوکار و بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە ڕایانگەیاندووە، ناوبراو لە ژێر ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونیدا دانپێدانانی زۆرەملێی لێ وەرگیراوە. ئاماژەیان بەوەشکردووە، بە گوێرەی گرتەی کامێراکانی چاودێری، هیچ بەڵگەیەک نەبووە کە بیسەلمێنێت مێحراب لە کاتی ئەو ڕووداوەی کە لە سەری سزا دراوە، لەو شوێنەدا ئامادە بووبێت.

مێحراب لە پەیامێکی دەنگییەدا کە زستانی ڕابردوو بڵاوکرایەوە، کوردبوونی بە یەکەم تاوانی خۆی ناوبردووە و ئاماژەی بەوە کردبوو، لە کاتی دەستبەسەرکردنیدا لێیان پرسیوە، "کوردی یان تورک؟".

هەر لەو پەیامە دەنگییەدا باسی لە ژیانێکی پڕ لە ئازار لە ژێر سێبەری سزای سێدارە کردووە و دەڵێت، "42 مانگ بە ترسیی جێبەجێکردنی سزاکەوە ژیاوە. بارودۆخێک کە بە گوتەی مێحراب، هەموو شەو و ڕۆژێک لە چاوەڕوانیی بردنی بۆ سەر پەتی سێدارەدا تێپەڕیوە.

مێحراب ڕوو بە خەڵکی ئێرانیش گوتبووی، "ئەمڕۆ نۆرەی منە، سبەی نۆرەی کەسێکی ترە. بێدەنگ مەبن و ڕێگە مەدەن ئەمە ببێتە شتێکی ئاسایی".

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.