ڕاپۆرتى- شۆخان کەریم
رۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە و پێشێلکاریی دژی ڕۆژنامەنووسان کۆتایی نایات، هەرێمی کوردستانیش هەموو ساڵێک لە پێشێلکارییەکاندا پشکی شێری بەردەکەوێت.
رۆژی 3ـى ئایار، ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەگەرییە، ڕاگەیاندنی کوردیش لەنێوان دوو بەرداشی لێشاوی زانیاریی چەواشەکاری و ژینگەیەکی ئەمنیدایە، کە تێیدا مایک و کامێراکان لەبری پاراستن، دەکرێنە ئامانج و پێشیلکاریی بەرامبەر ڕۆژنامەنووسان دەکرێت.
بەگوێرەی دوایین ئامارەکانی سەنتەری میترۆ، ساڵی ڕابردوو 315 پێشێلکاری بەرامبەر 252 ڕۆژنامەنووس و دەزگای میدیایی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون. ئەم ژمارانە تەنها ئامار نین، بەڵکو چیرۆکی شکاندنی کامێرا، هێرشی مەیدانی و داخستنی نووسینگەکانی ئێن ئاڕتی لە هەولێر و دهۆک، ئەم دۆخە وایکردووە عێراق حەوت پلەی دیکە لە ڕیزبەندیی جیهانیدا پاشەکشە بکات و پانتایی ئازادی بە گوێرەی سنوورە سیاسییەکان تەسک ببێتەوە.
سەنتەری میترۆ و ناوەندە میدیایییەکان داوا دەکەن دادپەروەریی یاسایی بەدیبهێنرێت، سەرلەنوێ لێکۆڵینەوە لە دۆسیەی "شەهیدانی قەڵەم" بکرێت و ئازادکردنی بێ مەرجی زیندانیانی بادینان قبوڵبکرێت، جێبەجێکردنی یاسای مافی دەستکەوتنی زانیاری و ڕاگرتنی فەرمانی گرتن بۆ ڕۆژنامەنووسان لەسەر کەیسی بڵاوکردنەوە فەراهەم بکرێت، میترۆ داواشدەکات کۆتایی بە جیاکاری لە نێوان میدیاکان لە کاتی چالاکییە حکومییەکان و قەدەغەکردنی پشکنینی مۆبایل بەبێ فەرمانی دادوەر بکرێت.
ئازادیی ڕۆژنامەگەری تەنها ئیمتیازێک نییە بۆ ڕۆژنامەنووسان، بەڵکو یەکێکە لە بنەما هەرە سەرەکییەکانی ژیانی مەدەنی و دیموکراسی، گەرەنتییەکە بۆ ئەوەی کۆمەڵگە لە تاریکیی چەواشەکاریدا نەمێنێتەوە، کاتێک مایک و کامێراکان ئازاد دەبن، کۆمەڵگە دەبێتە خاوەنی چاو و گوێیەک کە دەتوانێت لە پشت پەردەی بڕیارە سیاسییەکان بڕوانێت.