لە 4ـی نیساندا، بە پاساوی ئەنجامدانی چالاکیی پەروەردەیی و فێرکاری بە بێ مۆڵەتی وەزارەتی پەروەردە، بڕی 400 هەزار و 50 لیرەی تورکی سزای دارایی بەسەر کۆمەڵەی ئارسیسادا سەپێندرا.
بەڕێوەبەرانی کۆمەڵەی لێکۆڵینەوەی زمان، کلتور و هونەری (ئارسیسا)، لە شارۆچکەی ئەردیشی سەر بە پارێزگای وان ڕایانگەیاند، سەپاندنی سزای دارایی بەسەر کۆمەڵەکەیاندا دژی پرۆسەکەیە و جەختیان لەوە کردەوە، بەهۆی ئەم سزایەوە هەرگیز پاشەکشە لە کارەکانیان ناکەن.
کەزیبان چەلەبی، بەڕێوەبەری ئارسیسا، لە لێدوانێکیدا لەبارەی سزا داراییەکەوە گوتی، ئێمە ئەم سزایە ڕەت دەکەینەوە. ڕاشیگەیاند، لە ئەردیش 200 هەزار کەس دەژین، ئەم سزایە بەسەر ئەوانیشدا سەپێنراوە.
چەلەبی گوتی، "ئێمە لێرە کۆڕ ساز دەکەین و زمان و کلتوری خۆمان دەڵێینەوە، بەڵام ئەوان بە پاساوی ئەوەی گوایە ئێمە وەک پەیمانگایەک قازانجی ئابوریمان هەیە، سزایان داوین".
لە لایەکی دیکەوە، مەڕوە کەلەش، هاوسەرۆکی ئارسیسا، ڕایگەیاند، چالاکییەکانیان بە تەواوی یاسایین و گوتی، "ئێمە هیچ کارێکی هەڵەمان نەکردووە. زمانمان هەبوونی ئێمە و هێڵی سورمانە".
کەلەش گوتیشی، "ئەم هەنگاوانە پرۆسەکە پەکدەخەن و دەبێت وانەی کوردی بکرێتە وانەیەکی ناچاری، چونکە بە گرنگ نەبینی زمانی کورد گەورەترین سوکایەتییە".