دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی ڕایگەیاند کە لە ئێستادا دیپلۆماسییەت باشترین ڕێگەیە بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێرانییەکان، چونکە واژۆکردنی ڕێککەوتنەکە دەبێتە هۆی کردنەوەی گەرووی هورمز و ڕێگریکردن لە بەدەستهێنانی چەکی ئەتۆمی لەلایەن ئێرانەوە، کە ئەمەش ڕێگە خۆش دەکات بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە.
ترەمپ ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوان لەم پرۆسەیەدا بە نەرمی هەنگاو دەنێن و پەلەیان نییە چونکە ئێرانییەکان دانوستانکاری زۆر باشن، بەڵام هۆشداریشی دا کە ئەگەر ئامانجەکانیان بەدی نەیەت، ئەوا دووبارە پەنا دەباتەوە بەر بژاردەی جەنگ و دەستپێکردنەوەی هێرشەکان، هەرچەندە تا ئێستا لایەنی ئێرانی ڕەزامەندی نیشانداوە لەسەر ڕاگرتنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز ئاشکرای کردووە کە لە چوارچێوەی گفتوگۆ و دانوستانە بەردەوامەکانی نێوان واشنتن و تاران لەسەر یاداشتی لێکتێگەیشتن، ترەمپ چەند گۆڕانکارییەکی نوێی لە مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەدا کردووە و دووبارە ناردوویەتییەوە بۆ ئێران، لە کاتێکدا سەرۆکی ئەمریکا جەخت دەکاتەوە کە وڵاتەکەی لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئێراندا سەرکەوتوو بووە و توانیویەتی گۆڕانکاری بەسەر دەسەڵات و ڕەفتاری ڕژێمی ئێراندا بهێنێت.