ئامارەکانی پڕۆسەی حەجی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستان جیاوازییەکی بەرچاو لە تەمەنی بەشداربووان نیشان دەدات، لە 99 ساڵییەوە بۆ 19 ساڵی، دوو نەوەی زۆر جیاواز پێکەوە لە یەک کارواندا بەرەو ماڵی خودا بەڕێدەکەون.
بە گوێرەی ئەو زانیارییانەی ڕۆژگار جەعفەر، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پڕۆسەی حەج، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ نوچە تی ڤی ئاشکرای کردووە، ئامارەکانی وەرزی حەجی ئەمساڵ تێکەڵەیەکی جوان لە نێوان تەمەنە جیاوازەکاندا نیشان دەدات.
لە سەر ئاستی هەرێمی کوردستان، ناسناوی بەتەمەنترین حاجی دراوە بە خاتوونێکی دانیشتووی پارێزگای دهۆک بە ناوی غەزال عەبدوڵڵا. ئەم خاتوونە تەمەنی 99 ساڵە و لەدایکبووی ساڵی 1927، کە بە هەڵگرتنی نزیکەی سەدەیەک لە یادەوەری بەشداریی لەم فەریزەیەدا دەکات.
لە بەرانبەریشدا، گەنجترین حاجی ئەمساڵ لە سەر ئاستی هەرێم، گەنجێکی 19 ساڵانە بە ناوی ئاکام سەنگەر، ئاکام دانیشتووی شاری هەولێرە و لەدایکبووی ساڵی 2006ـە، وەک نوێنەری نەوەی نوێ و گەنجان بەشداریی لەپرۆسەی حەجی ئەمساڵ دەکات.