وەک چۆن ئاسۆی بەکارهێنانی گروپە کوردییەکانی ئێران وەک هێزی زەمینی پاشەکشەی کردووە، ههروهها هێرشە ئاسمانییەکانیش لە ناوچە کوردییەکاندا پاشەکشەیان کردووە.
ڕۆژنامەی زە ناشنال کۆنتێکست، نەخشەی بۆردومانەکانی ئیسرائیل و ئەمەریکایان بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە، بەڕوونی پشانی دەدات هێرشی بنکەکانی سوپای پاسداران لە ناوچە کوردییەکان پاشەکشەی کردووە.
لەهەفتەی یەکەمی جەنگەکەوە 51.2%ی هێرشە ئاسمانییەکان له ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بوون، بە جۆرێک هەفتەی لانیکەم سێجار بۆردومانی بنکەکانی سوپا دەکرا، بەڵام لە هەفتەی چوارەمدا دابەزیوە بۆ 5.9%، تەنها سێ شوێن لە ڕۆژهەڵات بۆرودمان کراوە.
ئەمریکا هێرشەکانی لەسەر تاران چڕکردوهتەوە، لە هەفتەی یەکەمدا لە 22.6%ی هێرشەکان لەسەر پایتەخت بوون، بەڵام ژمارەکە زیادیكرد بۆ 60.8% لە هەفتەی چوارەمدا، ئۆپراسیۆنەکان لەسەر پشتێنەی تاران، ئەسفەهان ، قوم و یەزد چڕکراونەتەوە.
وەک لە نەخشەی بۆردومانەکاندا دیارە، ئەمەریکا تا ڕادەیەکی زۆر لۆجیک و ستراتیجی هێرشەکانی لە لێدان لە بنکە و بارەگا سەربازییەکان گۆڕیوە بۆ لێدان لە ژێرخانی ئەو وڵاتە.
بە ئامانجگرتنی بنکەکانی سوپای پاسداران و بەسیج لە 41 شوێنهوه دابەزیوە بۆ 18شوێن و پۆلیس لە 29بنکەوە بۆ 12، له لێدان لە 17 بنکەی هەواڵگرییەوە بۆ سێ لە هەفتەی چوارەمدا، لە بەرانبەردا بۆردومانی ژێرخانی ئابوری و پیشەسازی لە 8 شوێنەوە بۆ 14 بەرزبوهتەوە، هێرشەکان بۆ کارگەی پۆڵا و پترۆکیمیایی و کۆگاکانی سووتەمەنی گرتۆتەوە.
دوو فاکتەر هۆکاری کەمبوونەوەی توندی هێرشە ئاسمانییەکانە لە ناوچە کوردییەکان
یەکەم: زۆربەی بنکە ئەمنییەکان و دامەزراوەکانی سەر بە ڕژێم بۆردومان کران و تەخت بوون.
هەرچەندە ئێران پێشتر زۆربەی دامەزراوەکانی چۆڵکردبوو و کارمەندەکانی لەنێو شوێنە مەدەنییەکاندا بڵاوەپێکردبوو، بەڵام ژێرخانی فیزیکی تاڕادەیەکی زۆر لەناوچووە.
دووەم: پلانی بەکارهێنانی هێزی زەمینی کوردی، کە ئیسرائیل زیاتر پشتگیری دەکرد، پێدەچێت پاشەکشەی کردبێت و چیتر براژدەی سەر مێز نەبێت بەهۆی ئەوەی کوردەکان داوای گرەنتی و مافی خۆبەڕێوبەرییان دەکرد.
هێرشە ئاسمانییەکانی ناوچە کوردییەکان تا ڕادەیەکی زۆر ئیسرائیل ئەنجامیداوە نەک ئەمریکا و لەگەڵ پاشەکشەی ئاسۆی داڕمانی ڕژێم لە هەڵسەنگاندنەکانی ئیسرائیلدا، لۆجیکی پاککردنەوەی ژێرخانی ئەمنیی لە ناوچە کوردییەکان لەگەڵیدا پاشەکشەی کرد و وەرچەرخا بەرەو بە ئامانجگرتنی ژێرخانی ئابووری، کە لە داتاکانی هەفتەی سێیەمەوە بەدواوە دیارە.