قاسم ئەعرەجی، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە ڕێگەی پۆستێکەوە لە هەژماری فەرمیی خۆی لە پلاتفۆرمی ئێکس، بە توندی سەرجەم ئەو دەنگۆ و هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە باس لەوە دەکەن گوایە ئێران باج و ڕێکاری دارایی نوێی بەسەر کەشتی و بازرگانیی عێراقدا سەپاندووە لە کاتی تێپەڕبوونیان بە گەروی هورمزدا.
ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە پەیامەکەیدا ڕوونیکردەوە، کە هاتوچۆی دەریایی عێراق لەو دەروازە نێودەوڵەتییە گرنگەدا بە تەواوی پارێزراوە.
گوتی: "پێشتر لایەنی ئێرانی بە فەرمی بەغدای ئاگادار کردووەتەوە کە عێراق بەخشراوە لە باج، تێچووی دارایی و ڕێکارەکانی دیکەی پەڕینەوە بە گەرووی هورمزدا."
ئەعرەجی لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دڵنیایی دایە لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕایگەیاند، ئەو دەنگۆیانەی لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراونەتەوە، تەنیا "قسەی بێبنەما و ناڕاستن" و ئامانجیان شێواندنی ڕاستییەکانە، چونکە هیچ بڕیارێکی لەو شێوەیە لە ئارادا نییە و پەیوەندییە بازرگانی و ئەمنییەکانی نێوان هەردوو وڵات بەردەوامییان هەیە.