دادگای شۆڕشی تاران چوار هاوڵاتیی بە لەسێدارەدان و کەسێکی دیکەشی بە زیندانیی درێژخانی مەحکووم کرد.
بە گوێرەی ڕاپۆرتی ئاژانسی هەرانا، لقی 26ـی دادگای شۆڕشی تاران بە سەرۆکایەتی دادوەر ئیمان ئەفشاری، سزای پێنج هاووڵاتیی دەستگیرکراوی دوایین خۆپیشاندانەکانی ئێرانی دەرکرد.
ڕاپۆرتەکەی ئاشکرایکردووە، هەر یەک لە؛ محەمەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ، بێتا هیمەتی، بەهروز زەمانی نەژاد و کوروش زەمانی نەژاد، بە تۆمەتی "ئەنجامدانی چالاکیی بۆ ئەمریکا و گروپە دوژمنکارەکان" سزای لەسێدارەدانیان بەسەردا سەپێنراوە.
هاوکات بۆ ئەم هەرکام لەم چوار گیراوە، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و هەنگاو دژی ئاسایشی وڵات" جگە لە سزای سێدارە، سزای پێنج ساڵ زیندانیی بڕاوەتەوە و هەروەها بڕیاری دەستبەسەرداگرتنی هەموو ماڵ و موڵکیشیان دەرچووە.
سەرچاوەیەکی ئاگادار بە هەرانای ڕاگەیاندووە، محەمەدڕەزا مەجیدی ئەسڵ و بێتا هیمەتی هاوسەرن و ئەمیر هیمەتیش خزمێکی ئەوانە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە تۆمەتباران لە کاتی لێکۆڵینەوەدا لەژێر گوشاردا بوون و نیگەرانی هەیە کە دانپێدانانەکانیان لەژێر ئەشکەنجەدا وەرگیرابێت.