دەسەڵاتی دادوەریی کۆماری ئیسلامیی ئێران، سزای لەسێدارەدانی بەسەر دوو گەنجی دەستبەسەرکراوی خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەم لە تاران جێبەجێ کرد کە ئاژانسە فەرمییەکانی وڵاتەکە ئەو ناڕەزایەتییانە بە "هەوڵی کودەتا" ناو دەبەن.
ئاژانسی "میزان"ی زمانحاڵی دەزگای دادی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەرەبەیانی ئەمڕۆ سزای لەسێدارەدانی هەریەکە لە (مێهرداد محەمەدینیا) و (ئەشکان مالیکی) جێبەجێ کراوە، دوای ئەوەی سزاکانیان لەلایەن دادگای باڵای وڵاتەوە پەسند کرابوو.
بە گویرەی ڕاپۆرتی میدیا فەرمییەکانی ئێران، ئەو دوو گەنجە تۆمەتبار کراون بەوەی لە "هۆکاری سەرەکیی ئاگرپێدانی مزگەوتی جەعفەری بوون لە گەڕەکی کۆیی نەسر (گیشا) لە تاران" و بە ئەنقەست مزگەوتیان سووتاندووە، زیانیان بە مۆڵکی گشتی گەیاندووە، ڕێگاکانیان گرتووە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان و پارێزەرانی ئاسایش ڕووبەڕوو بونەتەوە.
ئاژانسی میزان لە ڕاپۆرتەکەیدا ئاماژەی بە دۆخی سیاسیی ناوچەکە کردووە و نووسیویەتی کە بەهۆی دۆخی هەستیاری وڵات لەو قۆناغەدا و هەڕەشەی هێرشی سەربازی لەلایەن ئەمریکا و ئیسرائیل، کردەوەی ئەم کەسانە کاریگەریی نەرێنی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی و گشتیی هاوڵاتیان دروست کردبوو و بووە هۆی هاندانی دوژمنان بۆ دەستدرێژیی سەربازی.
لەلایەکی دیکەوە، ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ناڕەزای توند لەبەرامنبەر شێوازی دادگاییکردنی ئەم دوو هاوڵاتییە دەردەبڕن و چالاکوانان دەڵێن دەستبەسەرکراوان لە مافە سەرەتاییەکانی خۆیان بێبەش کراون، لەوانەش نەبوونی دەستڕەگەیشتنی گونجاو بە پارێزەری سەربەخۆ و ناچارکردنیان بە دانپێدانانی زۆرەملێ.
لەسەر هەمان بابەت، مای ساتۆ، ڕاپۆرتدەری تایبەتی ئەنجوومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری ئێران ڕایگەیاند، ئێران سزای لەسێدارەدان وەک "ئامرازێک بۆ دروستکردنی ترس و دڵەڕاوکێ لەنێو کۆمەڵگە و سەرکوتکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکان" بەکاردەهێنێت و ئاماژەی بەوەش کرد کە لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ڕێژەی لەسێدارەدان لە ئێران بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە، بەتایبەت دوای سەرهەڵدانی شەڕی ئەمدواییەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا کە لە ٢٨ی شوباتەوە دەستی پێکردووە.
بەگوێرەی ڕاپۆرتە فەرمییەکان، لەو کاتەوە لانی کەم ٣٨ بەندکراوی سیاسی و ئەمنی لە ئێران لەسێدارەدراون.
ئەم شەپۆلە نوێیەی لەسێدارەدانەکان لە کاتێکدایە کە غوڵامحسێن موحسینی ئەژەیی، سەرۆکی دەزگای دادی ئێران، چەندین جار داوای لە داواکارانی گشتی کردووە بەبێ چاوپۆشی و بە خێراییەکی زۆرەوە پێداچوونەوە بە دۆسیەی دەستبەسەرکراوانی دوای شەڕ و خۆپیشاندانەکانی مانگی کانوونی دووەمدا بکەن و سزاکانیان جێبەجێ بکەن.