هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ لە تورکیا (ÎHD) ڕایگەیاند کە هەر یاسایەک بۆ پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد دابنرێت، دەبێت خاوەن گەرەنتییەکی یاسایی تۆکمە و ڕوون بێت؛ جەختی لەوەش کردەوە کە تەنها چەکداماڵین نابێتە چارەسەری ڕیشەیی.
جیهان ئایدن، هاوسەرۆکی گشتیی کۆمەڵەی مافی مرۆڤ (ئیهەدە) ڕایگەیاند، بۆ ئەوەی یاسای چوارچێوەی چارەسەری تەنها وەک نووسراوێکی سەر کاغەز نەمێنێتەوە و بکەوێتە بواری کردارییەوە، پێویستە دانوستان لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری بەندکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بکرێت. هۆشداریشی دا لەوەی ئەگەر یاسایەکی بێ ناوەرۆک و بێ کاریگەر دەربچێت، مەترسیی تێکچوونی تەواوی پرۆسەکە دروست دەبێت.
هاوسەرۆکی ئیهەدە ئاماژەی بەوەش کرد، لە مێژووی کۆماری تورکیادا داواکارییەکانی گەلی کورد هەمیشە لە چوارچێوەی سیاسەتی ئەمنیدا بینراون و مامەڵەیان لەگەڵ کراوە، لە کاتێکدا داواکاریی سەرەکیی کورد ئەوەیە وەک هاووڵاتییەکی یەکسان، بە زمان و کولتووری خۆیانەوە بەشێک بن لەم کۆمارە و پێکەوە بژین.
جیهان ئایدن لە کۆتایی لێدوانەکەیدا جەختی کردەوە، پرۆسەی ڕاستەقینە کاتێک سەرکەوتوو دەبێت کە وەڵامی داواکارییەکانی گەل بدرێتەوە؛
گوتیشی: "تەنها چەکداماڵین نابێتە چارەسەر، ئەوەی لە هەموو شتێک گرنگترە، وەڵامدانەوەی مافە کولتوورییەکان، داواکارییەکانی ناسنامە و دابینکردنی مافی بەشداریکردنی کوردە لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا."