ڕاستەوخۆ

ئاو ئەو چەکەیە ئێستا وڵاتان دەهێنێتە سەر مێزی گفتوگۆ

reset font size increase font size

میدیا عەرەبییەکان لە ڕاپۆرتە شیکارییەکانی ئەمڕۆیاندا تیشکیان خستووەتە سەر گۆڕانکاریی لە چەمکی سەرچاوە سروشتییەکان و ڕێڕەوە ئاوییەکان، کە چیتر تەنها وەک دۆسێیەیەکی ئاسایی و یاسایی نابینرێن، بەڵکو بوونەتە ئامرازێکی سەرەکی بۆ داڕشتنەوەی هاوسەنگیی هێز.

لەم چوارچێوەیەدا، دیپلۆماسیی ئاو لە نێوان سوریا و ئوردن و ئاڵۆزییەکانی گەرووى هورمز وەک دوو تەوەرەی سەرەکیی ململانێ و هەماهەنگییە جیهانییەکان دەردەکەون.

ڕۆژنامەی (ئەلعەرەب) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات، کە دۆسێیەی ئاو لە سەرچاوەیەکی خزمەتگوزارییەوە گۆڕاوە بۆ ئامرازێکی سیاسیی کاریگەر کە پەیوەندییەکانی نێوان وڵاتان دادەڕێژێتەوە.

نزیکبوونەوەی ئێستای نێوان دیمەشق و عەممان وەک مۆدێلێکی نوێی "دیپلۆماسیی ئاو" دەبینرێت. ئامادەیی دیمەشق بۆ دابەشکردنی سەرچاوە ئاوییەکان لەگەڵ عەممان، نیشانەی گۆڕانکارییە لە شێوازی بەڕێوەبردنی کێشە هاوبەشەکان؛ بە جۆرێک کە لە لۆژیکی کۆنتڕۆڵکردنەوە بەرەو لۆژیکی هەماهەنگی هەنگاو دەنێن، بەتایبەت لە کاتێکدا کە ناوچەکە بەدەست گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی سەرچاوەکانەوە دەناڵێنێت لەم هاوکێشەیەدا، ڕوباری یەرمووک کە بۆ چەندین دەیە سەرچاوەی ئاڵۆزیی نێوان هەردوولا بووە، ئێستا بووەتە چەقی پەرەپێدانی ئەم پەیوەندییە نوێیە.

لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، ئاژانسی (ڕۆیتەرز) باس لە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی لوتکەی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات کە لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان بەرێوەدەچن. هەرچەندە دانوستانەکان بەبێ هیچ دەستکەوتێکی بەرچاو کۆتاییان هاتووە، بەڵام بەزیندوو هێشتنەوەی کەناڵەکانی گفتوگۆ، وەک نیشانەیەکی ئەرێنی دەبینرێت. لە کەشێکی ئاڵۆزدا، هەردوولا باسیان لە دۆسێیە هەستیارەکانی وەک داخستنی گەرووى هورمز، بەرنامەی ئەتۆمیی ئێران و سزاکانی سەر تاران کردووە.

زانیارییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، پێش کۆتاییهاتنی دانوستانەکان، هەردوولا تا ڕادەیەک لە نیمچە ڕێککەوتنێک نزیک بوونەتەوە.

ڕۆژنامەی (شەرقول ئەوسەت)یش بایەخێکی تایبەتی بە پێگەی ستراتیژیی گەرووى هورمز داوە و وەک گۆڕەپانی پێکدادانی (جیۆ-ئابوری) پێناسەی دەکات.

کۆنتڕۆڵکردنی ڕێڕەوە ئاوییەکان لە ململانێکانی ئێستادا بووەتە بەهێزترین ئامرازی فشار، چونکە هەر جۆرە ئاڵۆزییەک لەم ناوچانەدا کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر بازاڕەکانی وزە و بازرگانیی جیهانی دەبێت.

ئەم گەرووە تەنها ڕێڕەوێکی دەریایی نییە، بەڵکو کلیلی سەقامگیریی ئابووریی جیهانە و هەر ئاڵۆزییەکیشی تێدا ڕوبدات تەواوی هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان دەگۆڕێت.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.