یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، لە چیای حەرەمۆن کە دەڕوانێت بەسەر شاری دیمەشقدا، ڕایگەیاند، هێزەکانیان لە ناوچە ئەمنییەکانی ناو خاکی سوریا و لەسەر چیای حەرەمۆن دەمێننەوە.
یسرائیل کاتز ئاماژەی بەوە کرد کە ئامانجیان لەم ئامادەیییە ڕێگرییکردنە لە هەڕەشەی گرووپە چەکدارەکان و پاراستنی سنوور و کۆمەڵگەکانی ئیسرائیل و ئامادەیییەکە تا کۆتاییهاتنی ئەو مەترسییانە بەردەوام دەبێت.
کاتز پەیامێکی ڕاستەوخۆی ئاڕاستەی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا کرد و ڕایگەیاند، لە کاتی هەستان لە خەو لە کۆشکەکەی لە دیمەشق، ئامادەییی سوپای ئیسرائیل لەسەر چیای حەرەمۆن دەبینێت. وەزیری بەرگریی ئیسرائیل جەختی لەوەش کردەوە کە وڵاتەکەی بەرپەرچی هەوڵەکانی تورکیای داوەتەوە بۆ دروستکردنی پێگەیەک لە سوریا کە بەرژەوەندییە ئەمنییەکانی ئیسرائیل بخاتە مەترسییەوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، یسرائیل کاتز ئاماژەی بەوە کرد کە ئیسرائیل لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا تەواوی ژێرخانی ستراتیژیی سوپای ئەسەدی لەناو بردووە. ناوبراو دووپاتی کردەوە کە هەڵوێستیان جێگیرە لەسەر ئەوەی ڕێگە نەدەن خاکی سوریا ببێتە هەڕەشە بۆ سەر وڵاتەکەیان و بەردەوام دەبن لە ڕووبەڕووبوونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان.