دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکانیان لەگەڵ ئێران گەیشتووەتە قۆناغێکی کۆتایی و زۆر نزیک بوونەتەوە لە واژۆکردنی ڕێککەوتننامەیەک بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگ، بەڵام هاوکات هۆشداریی توندیش دەدات.
لە چاوپێکەوتندا لەگەڵ کەناڵی (سی بی ئێس)، دۆناڵد ترەمپ ئاشکرای کرد، زۆر لە ڕێککەوتن نزیک بووینەتەوە و ڕۆژ بە ڕۆژ بارودۆخەکە بەرەو باشتر دەچێت، بەڵام ڕەتی کردەوە پێش ئەوەی بە فەرمی بە ئێرانییەکانی ڕابگەیەنن، وردەکارییەکان ئاشکرا بکات.
سەرۆکی ئەمریکا لەبارەی مەرجەکانی ڕێککەوتنەکەوە ڕاگەیاند، هەر ڕێککەوتنێکی کۆتایی دەبێت گرەنتی ئەوە بدات، ئێران نەبێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی و گوتی: "تەنیا کاتێک واژۆ لەسەر ڕێککەوتننامەکە دەکەم، کە هەموو ئەوەی دەمانەوێت تێیدا بە دەستی بهێنین، دەبێت چارەسەرێکی گونجاویش بۆ ئەو یۆرانیۆمەی ئێران پیتاندوویەتی بدۆزرێتەوە".
دۆناڵد ترەمپ لە لێدوانێکی تردا بۆ ماڵپەڕی (ئەکسیۆس) هەڕەشەی توندی کرد و گوتی: "ئەگەرەکە پەنجا بە پەنجایە، یان ڕێککەوتنێکی باش دەکەین، یانیش هەموو شتێکیان لێ وێران دەکەین و دۆخێکیان بەسەردا دەهێنین, کە هیچ وڵاتێک هێندەی ئەوان بە سەختی لێی نەدرابێت".
سەبارەت بە هەڵوێستی ئیسرائیل، ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، بنیامین نەتانیاهۆ دوودڵە، ئەمە لە کاتێکدایە بەرپرسانی ئیسرائیل دەڵێن بنیامین نەتانیاهۆ زۆر نیگەرانە و داوای لە ترەمپ کردووە دەست بە هێرش و پەلامارەکان بکاتەوە.
بەگوێرەی زانیارییە سەرەتایییەکان، ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکە ئەم خاڵانە لەخۆ دەگرێت:
- کردنەوەی گەرووی هورمز بەڕووی کەشتییەکاندا بەبێ وەرگرتنی باج.
- هەڵگرتنی گەمارۆی ئەمریکا لەسەر بەندەرە ئێرانییەکان.
- ئازادکردنی بەشێک لە دارایییە سڕکراوەکانی ئێران لە بانکەکانی دەرەوە.
- درێژکردنەوەی ماوەی دانوستان بۆ 30 تا 60 ڕۆژی تر بە مەبەستی گەیشتن بە ڕێککەوتنی کۆتایی.
لە لایەکی دیکەوە، عاسم مونیر سوپاسالاری پاکستان وەک نێوەندگیر ڕایگەیاند، پێشکەوتنی هیوابەخش لە ئارادایە، هاوکات مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە، دەبێت ئێران دەستبەرداری چەکی ئەتۆمی ببێت و گەرووی هورمزیش بەبێ باج و ڕسوومات بکرێتەوە.
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، وڵاتانی وەک قەتەر، میسر، تورکیا، سعودیە و پاکستان بەردەوام لە پەیوەندیدا بوون لەگەڵ واشنتن و تاران بۆ ئەوەی کۆتایی بە خاڵە ناکۆکەکان بهێنن.