مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هەسەدە، بە ئامادەبوونی ئەحمەد شەرع، سەرۆکی حکومەتی کاتی، لە کۆشکی گەل لە دیمەشق کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەنووسیی ئەنجام دا و ڕایگەیاند، بوونی هەسەدە وەک هێزێکی سەربەخۆ کۆتایی پێهاتووە و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەیان لەگەڵ سوپای سوریادا بە تەواوەتی بەئەنجام گەیشتووە.
ئەم ڕاگەیاندنە دوای سەردانی شاندێکی یاوەری بە ئامادەبوونی ئیلهام ئەحمەد، هاوسەرۆکی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئیدارەی خۆسەر، بۆ کۆشکی گەل و کۆبوونەوەیان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای سوریا هات.
لە کاتی پێشکەشکردنی گوتارەکەیدا، مەزڵوم عەبدی ئاماژەی بەوە کرد، لاپەڕەیەکی نوێ لەژێر ناونیشانی ئاشتی، سەقامگیری و بونیادنانی نیشتمان هەڵدەدرێتەوە. ناوبراو ئاوڕی لە خەباتی 11 ساڵەی هەسەدە دایەوە، کە لە ساڵی 2015 لە سەختترین قۆناغی وڵاتەکەدا دامەزرا و جەختی لەسەر ڕۆڵی هێزەکان کردەوە لە ڕزگارکردنی شار و شارۆچکەکان لە دەستی حکومەتی بەعس و چەکدارانی داعش، کە لەم پێناوەشدا بە هەزاران شەهیدیان بەخشیوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، فەرماندەی گشتیی هەسەدە تیشکی خستە سەر پرسی دەستووری و کلتووریی کورد لە سوریای نوێدا. ناوبراو ڕایگەیاند کە مافی خوێندن و فێربوون بە زمانی کوردی گرنگترین و بەبایەخترین بابەتە بۆ گەلی کورد و زامنی داهاتوویان دەکات، هاوکات ئاماژەی بە پشتیوانیی ئەحمەد شەرع بۆ ئەم پرسە کرد و ڕایگەیاند، کار دەکەن بۆ ئەوەی لەم ساڵەدا خوێندن بە زمانی کوردی پەیڕەو بکرێت.