ڕاستەوخۆ

دەقی ڕێککەوتنەکەی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێ بڵاوکرایەوە

reset font size increase font size

دەقی نووسراوی ڕێککەوتننامەی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ بڵاوکرایەوە. بەپێی دەقی ڕاگەیەندراوی هاوبەشی نێوانیان، ئەم ڕێککەوتنە بە ئامانجی هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی نیشتمانی و مێژوویی، گەڕاندنەوەی هاوسەنگی و ڕێکخستنەوەی باڵانسی هێز لە گۆڕەپانی سیاسیی هەرێمی کوردستان و بەهێزکردنی هاوبەشیی نیشتمانی ئەنجامدراوە.

هەردوولا ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم هەنگاوە وەک وەڵامێکە بۆ ئاڵۆزییە سیاسی و ئابوورییەکانی ئێستای هەرێمی کوردستان و عێراق، هاوکات هەوڵێکە بۆ دروستکردنی نموونەیەکی نوێی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا. (جێی ئاماژەیە لە دەقە بڵاوکراوەکەدا، ناوەڕۆکەکە لە خاڵی چوارەمەوە دەستپێدەکات و خاڵەکانی یەکەم تا سێیەم بڵاونەکراونەتەوە).

یاسادانان و هەموارکردنەوەی بڕیارەکان

بەگوێرەی ڕێککەوتنەکە، یەکێتی و نەوەی نوێ لەسەر ئامادەکردنی پڕۆژەیاساکان و پەسەندکردنیان لەلایەن پەرلەمان و دەزگا شەرعییەکانەوە هاوڕان، لەگەڵ کارکردن بۆ گێڕانەوە و هەموارکردنی ئەو یاسا و بڕیارانەی کە بەدەر لە ڕێڕەوی یاسایی پەرلەمان دەرچوێندراون. لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەو بڕیارە نایاساییانە لە ڕابردوودا بوونەتە مایەی زیان بۆ ژیان و گوزەرانی چین و توێژە جیاوازەکانی هاوڵاتیان.

خاڵە سەرەکییەکانی کارنامەی هاوبەش بۆ کابینەی داهاتوو

لە بەشێکی گرنگی ڕێککەوتنەکەدا، هەردوولا پابەندبوونی خۆیان نیشانداوە کە لە کابینەی داهاتووی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کار بۆ جێبەجێکردنی ئەم خاڵە ئابووری و خزمەتگوزارییانە بکەن:

شایستە داراییەکانی فەرمانبەران: گێڕانەوەی بڕێک لە پارەی پاشەکەوتکراو و لێبڕینی مووچەی مووچەخۆران، لەگەڵ کردنەوەی ژمارەی هەژماری بانکی بۆیان.

پشتیوانیی گەنجان: پێدانی سلفەی هاوسەرگیری بە گەنجان بۆ ئاسانکاریی پێکهێنانی خێزان.

کەمکردنەوەی بارگرانیی دارایی هاوڵاتیان: دابەزاندنی نرخی کارەبا و خزمەتگوزارییە گشتییەکانی دیکە، لەگەڵ کەمکردنەوەی باج و ڕسوومات لەسەر کاسبکاران.

ڕەخساندنی هەلی کار: دۆزینەوەی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان لە ڕێگەی دامەزراندنی دەزگایەکی تایبەت بۆ ڕاوێژ و ڕەخساندنی کار.

چارەسەرکردنی کێشەی گرێبەستەکان: یەکلاکردنەوەی یەکجاریی کێشەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کاتی و گرێبەست لە دامەزراوەکانی هەرێمدا.

بابەتە پەیوەندیدارەکان

دەربارەی ئێمە

پەیوەندیکردن

TV

  • Frequency: 12687 H 27500 (Nilesat)
  • Frequency: 11296 H 27500 (Hotbird)

تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

© 2026 – NÛÇE TV هەموو مافەکان پارێزراون.