پێشبینییەکانی زانایان و ڕێکخراوە ژینگەیییەکان لەبارەی کارەساتەکانی گۆڕانی کەشوهەوا هاتنە دی و لە ئێستادا ئاگرێکی بەرفراوان دارستانەکانی نزیك مەدریدی پایتەختی ئیسپانیای گرتووەتەوە.
کارلۆس نۆڤیلۆ، سەرۆکی ئیدارەی باری لەناکاوی حکومەتی خۆجێیی مەدرید ڕایگەیاند، کڵپەی ئاگرەکە گەیشتووەتە لوتکە و کۆنتڕۆڵکردنی لە توانای تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە دەرچووە، هاوکات وەزارەتی ناوخۆی ئیسپانیا ئاشکرای کرد کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ئاگرەکەوە زیاتر لە 63 هەزار کەس ناچار بە چۆڵکردنی ماڵەکانیان بوون.
ئەم کارەساتە لە کاتێکدایە، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی داوە لە ساڵانی نێوان 2035 بۆ 2050دا ساڵانە 250 هەزار کەس بەهۆی لێکەوتەکانی گۆڕانی کەشوهەواوە گیان لەدەست دەدەن.
ئەم بەرزبوونەوە مەترسیدارەی پلەکانی گەرما، دەرئەنجامی پشتگوێخستنی هۆشدارییە ژینگەیییەکانی 50 ساڵی ڕابردووە، کە لە یەکەمین لووتکەی زەوی لە ستۆکهۆڵم لە ساڵی 1972وە تاوەکو هۆشدارییەکانی ئەنتۆنیۆ گۆتێرز، ئەمینداری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی 2022دا جەختیان لەسەر کراوەتەوە.
سەرەڕای بەڵێنی 195 وڵات لە ڕێککەوتنی کەشوهەوای پاریس بۆ ڕاگرتنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما لە ئاستی 1.5 پلەی سەدی، بەدەمەوەنەهاتنی کردەیی وڵاتان زەوی ڕووبەڕووی قەیرانێکی کوشندەی ژینگەیی کردووەتەوە.