ستافی بەڕێوەبردنی مەراسیمی شێوان و بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی، ڕێبەر پێشووی کۆماری ئیسلامی ئێران ڕایگەیاند کە لە ڕۆژانی بەڕێوەچوونی مەراسیمەکەدا لە تاران، هێڵەکانی مێترۆ بە شێوەی 24کاتژمێری و بێبەرامبەر خزمەتگوزاری پێشکەش دەکەن.
عەلی ئەکبەر پوورجەمشیدیان، سکرتێری ستادەکە ئاماژەی بە ئەگەری دروستبوونی لۆد و ترافیکی قورس لە شەقامەکاندا کرد و داوای لە هاوڵاتییان کرد کە پاس و هێڵەکانی گواستنەوەی گشتی بەکاربهێنن.
ناوبراو ڕاشیگەیاند کە پاسەکانی کۆمپانیای گشتی و هێڵە یارمەتیدەرەکانیش بێبەرامبەر دەبن و چەندین گەراجی گەورەش بە توانای حەواندنەوەی دەیان هەزار ئۆتۆمبێل بۆ ئەو کەسانە دابینکراون کە لە شارەکانی دیکەی ئێرانەوە دێنە تاران.
بەگوێرەی پلانەکە، مەراسیمی بەخاکسپاردنی عەلی خامنەیی لە نێوان 13 تا 18ی تەمموز لە شارەکانی تاران، قوم و مەشهەد بەڕێوەدەچێت.
هاوکات عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران ڕایگەیاندووە کە بەشێک لە مەراسیمەکە لە شارەکانی بەغداد، کازمێن، کەربەلا و نەجەف لە عێراق ئەنجام دەدرێت.
پوورجەمشیدیان لە بارەی دۆخی عێراقەوە وتی، لە 17ی تەمموزدا تەرمەکان دەگوازرێنەوە بۆ یەکێک لە فرودگاکانی بەغداد یان نەجەف و دوای پێشوازی فەرمی لەلایەن سەرۆک وەزیرانی عێراقەوە، مەراسیمی تەواف لە کەربەلا و نەجەف ئەنجام دەدرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد کە تا ئێستا سەرکردەکانی زیاتر لە 30وڵات ئامادەیی خۆیان بۆ بەشداری لە مەراسیمەکەدا دەربڕیوە.
سەبارەت بە بەشداریکردنی موجتەبا خامنەیی، کوڕی ڕێبەری پێشووی ئێران لە مەراسیمەکەدا، سکرتێری ستادەکە ڕوونی کردەوە کە بڕیاری کۆتایی لەمبارەیەوە لەلایەن "بەیتی ڕێبەری"یەوە دەدرێت و لە کاتی پێویستدا ڕادەگەیەنرێت.
عەلی خامنەیی لە یەکەم کاتژمێرەکانی هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران لە (27ی شوباتی 2026) کوژرا.