کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان )کەنەکە)بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکییەکەی ئێرانی بۆ سەر بارەگاکانی حزبی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران کرد و ڕایگەیاند، ئەم هێرشە بەردەوامیی سیاسەتی تارانە لە بەکارهێنانی توندوتیژی دژی هێزە سیاسییەکانی کورد و ناوچە سنوورییەکان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێک کە لەلایەن ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کەنەکەوە بڵاوکراوەتەوە، ئەو هێرشەی کە لە کاتژمێرەکانی سەرەتای بەرەبەیانی ١٧ی تەممووزدا ئەنجامدرا، بووە هۆی گیانلەدەستدانی نۆ پێشمەرگەی کۆمەڵە و برینداربوونی چەندین کەسی دیکە؛
هاوکات زیانی بە ناوچە مەدەنییەکان، ماڵ و موڵکی هاووڵاتیان گەیاندووە. کەنەکە وێڕای سەرەخۆشی لە بنەماڵەی قوربانییان و ئەندامانی کۆمەڵە، هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکان خواستووە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە کە ئەم هێرشە نوێیە نیشانیدەدات حکومەتی ئێران بۆ چارەسەری کێشە سیاسییەکان تەنیا پشت بە هێز و توندوتیژی دەبەستێت، ئەمەش پێشێلکردنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ، یاسا نێودەوڵەتییەکان و بنەماکانی پاراستنی مەدەنییەکانە.
کەنەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، لە سەرەتای دەستپێکردنی گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکاوە، هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕوونی ڕایانگەیاندبوو کە نابنە بەشێک لە هیچ ململانێیەکی سەربازی؛
بەڵام سەرەڕای ئەم هەڵوێستەش، بارەگاکانیان بەردەوام لەلایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە دەکرێنە ئامانج. لە کۆتاییدا، ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی کەنەکە داوای لە سەرجەم لایەن و ڕێکخراوە کوردییەکان کرد لەم قۆناغە هەستیارەدا یەکڕیزی و هەڵوێستی نیشتمانیی هاوبەش بپارێزن.