تێپەڕبوونی کاروانی تەرمی عەلی خامنەیی، ڕێبەری پێشووی ئێران بە ناو خاکی عێراقدا، تەنیا ڕووداوێکی ئایینی نەبوو بۆ شیعەکانی هەردوو وڵات، بەڵکو نیشانەیەکی ڕوون بوو بۆ ئەو گۆڕانکارییە گەورە و مێژووییەی کە لە کۆتاییەکانی دەیەی حەفتاکانەوە تاوەکو ئێستا بەسەر پێگەی سیاسی و پێوەندییەکانی نێوان بەغدا و تاراندا هاتووە.
محەممەد هەمدر، نووسەر و ڕۆژنامەنووس لە "بیبیسی عەرەبی" لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژە بەوە دەکات کە پەیوەندی مێژوویی و ئایینیی نێوان شیعەکانی عێراق و ئێران، لە دوای هاتنەسەرکاری سەددام حوسێن لە ساڵی 1979 و سەرکوتکردنی شۆڕشی ئێران لە لایەن ئایەتوڵڵا خومەینییەوە، هەمیشە سەرچاوەی ترسی سیاسیی ڕژێمی بەعس بووە.
سەددام حوسێن بە گومانەوە تەماشای هەر دڵسۆزییەکی ئایینی دەکرد کە لە دەرەوەی چوارچێوەی دەسەڵاتەکەی بێت، بەتایبەت لەگەڵ سەرهەڵدانی بیرۆکەی "ویلایەتی فەقێ" لە ئێران کە ڕۆڵێکی ڕاستەوخۆی دەدایە پیاوانی ئایینی لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا.
ململانێی مێژوویی نێوان حەوزەی نەجەف و قوم، سەرەڕای جیاوازیی دیدگاکانیان لەسەر دەسەڵاتی مەرجەعیەت، بەهۆی جەنگی هەشت ساڵەی عێراق-ئێران (1980-1988) زیاتر ئاڵۆز بوو.
لەو سەردەمەدا ڕژێمی سەددام پرۆسەی سەرکوتکردنی چالاکوانان و سەرکردە ئایینییەکانی شیعەی چڕکردەوە، کە دیارترینیان لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی (بنت الهدی) بوو لە نیسانی 1980دا، بە تۆمەتی پەیوندیان لەگەڵ ئێران.
ئەم سەرکوتکارییە خێزانە گەورەکانی وەک سەدر، حەکیم و خۆیی گرتەوە، تەنانەت ئایەتوڵڵا ئەبولقاسم خۆیی دوای ڕاپەڕینی شەعبانییەی ساڵی 1991 تاوەکو کۆتایی تەمەنی لەژێر ئقاماتی زۆرەملێدا هێڵدرایەوە و لە ساڵی 1999شدا ئایەتوڵڵا محەممەد سەدر لەگەڵ دوو کوڕیدا لە نەجەف تیرۆر کران.
جەواد خۆیی، نەوەی ئایەتوڵڵا خۆیی لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بیبیسی لە ساڵی 2018دا دەڵێت: "سەددام حوسێن لە ستەمەکەیدا دادپەروەر بوو"، بەو پێیەی تەنیا شیعەی نەدەکردە ئامانج، بەڵکو کورد، کۆمۆنیست، مەسیحی و سوننەکانیشی بە هەمان شێوە سەرکوت دەکرد ئەگەر مەترسی بوونایە بۆ سەر دەسەڵاتەکەی.
سەردەمی مەرجەعیەتی ئایەتوڵڵا سیستانی
دوای کۆچی دوایی ئایەتوڵڵا خۆیی لە ساڵی 1992، ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی بووە باڵاترین مەرجەعی شیعە لە نەجەف.
ئەو لە سەردەمی سەددامدا لە سیاسەتی ئاشکرا دوورکەوتەوە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، ڕۆڵێکی مێژوویی گێڕا لە جێگیرکردنی سەربەخۆیی حەوزەی نەجەف و جیاکردنەوەی لە مۆدێلی "ویلایەتی فەقێ"ی ئێرانی؛ سیستانی هەمیشە وەک ڕێپیشاندەرێک مایەوە نەک حاکمێکی ڕاستەوخۆ.
لە ساڵی 2014دا، فەتوای "جیهادی کیفائی"ی سیستانی دژی داعش بووە هۆی دامەزراندنی حەشدی شەعبی، کە بەشێک لە گرووپەکانی لە لایەن ئێرانەوە پاڵپشتیی سەربازی دەکران.
لە ساڵی 2019دا، سیستانی لە کاتی پێشوازیکردنی لە حەسەن ڕوحانی، سەرۆککۆماری ئەو کاتەی ئێران، جەختی لەسەر پاراستنی سەروەریی عێراق و قۆرخکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا کردەوە، کە ئەمەش وەک سنووردارکردنی هەژموونی تاران تەماشا کرا.
لە پەیامی سەرەخۆشی خۆشیدا بۆ کۆچی دوایی عەلی خامنەیی، سیستانی بە کەسایەتییەکی خاوەن "پێگەی باڵا" و خاوەن "ڕۆڵێکی بێوێنە" لە مێژووی کۆماری ئیسلامیدا وەسفی کردووە.
قۆناغی دوای سەددام و هەژموونی ئێران

ڕووخانی بەعس لە ساڵی 2003، دەرگای بۆ گەڕانەوەی سەرکردە سیاسی و ئایینییە دوورخرایەوەکان واڵا کرد، وەک محەممەد باقر حەکیم کە دوای گەڕانەوەی لە ئێران لە تەقینەوەیەکدا لە نەجەف کوژرا.
تاران ئەم گۆڕانکارییەی وەک دەرفەتێک بۆ قووڵکردنەوەی پێگەی خۆی بەکارهێنا لە ڕێگەی پاڵپشتیکردنی پارتەکانی وەک حزبی دەعوە و ئەنجوومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامیی عێراق و فەیلەقی بەدر (کە لە کاتی شەڕی ئێران-عێراق لە دژی سوپای عێراق دەجەنگان).
دواتر قاسم سولەیمانی، فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس، بووە ئەندازیاری سەرەکیی فراوانکردنی هەژموونی ئێران و دروستبوونی گرووپەکانی وەک کەتائیبی حزبوڵڵا (بە ڕێبەرایەتی ئەبو مەهدی موهەندیس) و عەسائیبی ئەهلی حەق، کە هەردووکیان (سولەیمانی و موهەندیس) لە ساڵی 2020 لە هێرشێکی ئەمریکادا لە نێوان فڕۆکەخانەی بەغدا کوژران.
ئەم نفووزە بەرفراوانەی ئێران بێ بەربەست نەبووە؛
لە خۆپێشاندانەکانی ساڵی 2019 و ساڵانی دواتریشدا، شەقامی عێراقی چەندین جار دروشمی دژی دەستوەردانەکانی تارانی بەرزکردووەتەوە.
ئێستاش لەم قۆناغە نوێیەدا، عێراق وەک گۆڕەپانی سەرەکیی ململانێی نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل ماوەتەوە و هێرشە یەکتری بڕەکانی نێوان لایەنەکان لەسەر خاکی عێراق، نیشانەی ئەوەن کە وڵاتەکە هێشتا لەبەردەم لێکەوتەکانی گرژییە هەرێمییەکاندا ناسک و بێپەنایە.
